ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر کۆگای مووشەکەکانی حزبوڵا لە باشووری لوبنان

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-28 20:25:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە 28ی مانگی یازدە ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەکانی حزبوڵا لە باشووری لوبنان کە بۆ هەڵگرتنی مووشەکی مەودا مامناوەندی ئەو گرووپە بەکارهاتوون. هێرشەکی سوپای ئیسرائیل تەنها ڕۆژیک دوای دامەزراندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا و کۆتایی هاتنی شەڕەی نێوانیان کە زیاتر لە ساڵێک بەردەوام بوو، ئەنجامدراوە. پێشتر ئاڤیخای ئادرعی، وتەبێژی ڕاگەیاندنی سوپای ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دانیشتوانی چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنانی ئاگادارکردەوە کە نەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لەو ناوچانه. ناوبراو نووسیویەتی، سوپای ئیسرائیل بەنیازی هێرشکردنە سەر ئێوە نییە، بەڵام هۆشدارییدابوو لەوەی لەم قۆناغەدا دانیشتوانی ئەو ناوچانە نەگەڕینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.