وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، یەکێتی سەردانی لایەنەکان دەکات تا هەڵوێستیان بزانێت و زانیاری لە دەمی خۆیانەوە وەربگرێت بەر لە کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی و دەشڵێت، پێم وایە دوای دانیشتنی پەرلەمانی هەرێم یەکێتی و پارتی بەیەکەوە کۆدەبنەوە. سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەم کۆبوونەوانەی یەکێتی دوو ئامانجیان هەیە، یەکەم گرنگە بۆ یەکێتی پێش ئەوەی بچێتە لای پارتی زانیاری دەستی یەکیان لە خۆیانەوە هەبێت و هەڵوێستیان بزانێت، بۆ بچین لەگەڵ پارتی دانیشین و زانیاریەکان لە دەستی دوو سێ وەرگرین." وتیشی،" دوای کۆبوونەوەی پەرلەمان پێم وایە کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتیش ئەنجام دەدرێت." دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی 20ی مانگی ڕابردوو بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هەریەکە لە یەکێتی و پارتی سەردانیان بۆلای لایەنە سیاسیەکان دەستپێکردووە. دوێنێ 27ی مانگی 11 وەفدی یەکێتی لە هەولێر بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتوو کۆبۆوە، هاوکات پارتیش لە سلێمانی لەگەڵ نەوەی نوێ و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبۆوە، ئێوارەی ئەمڕۆش وەفدی باڵای یەکێتی بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی سەردانی گۆڕانیان کرد لە شاری سلێمانی. کۆبوونەوەی هەردوولایەنی براوەی یەکەم و دووەم لە هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان لە کاتێکدایە تا ئێستا یەکێتی و پارتی کۆبوونەوەیان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن و پێکهێنانی کابینەی نوێ ئەنجامنەداوە. بە ڕای چاودێرێکی سیاسیش "خواستی لایەنەکان لە ئێستادا درێژە دانە بە دۆخی هەرێم بەم شێوەیە." سلێمان عەبدوڵا، چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەم هەڵبژاردنە تاکە هەڵبژاردنە کە هیچ لایەنێکی سیاسی نایەوێت ئەنجامەکان ساغ بکاتەوە، لە هەموو حزبەکانی ناو دەسەڵات تا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان سەرجەمیان، لە بەرژەوەندیاندایە کە ئەنجامی هەڵبژاردن ورد نەکرێنەوە، واتە دۆخی حازر لە بەرژەوەندی هەموو لایەنە سیاسیەکاندایە، بە تایبەت کە لەبەردەم هەڵبژاردنی عێراقداین." وتیشی،" بە نسبەت پارتیەوە پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و دامەزراوەی قەزائی لایە، ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردن ورد بکاتەوە چی تر بە دەستدەهێنێت، بۆ یەکەمجارە پارتی دوو دامەزراوەی باڵای لەلایە بێ چاودێری پەرلەمان، بۆ یەکێتیش جێگری سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتەکانی سنوری یەکێتی بە کاملی لە دەستی خۆیدایە، بۆیە پێم وایە هەرلایەنێک ئەنجامی هەڵبژاردن ورد بکاتەوە باشتر لەمە دەست ناخات، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش دەزانن بەو ژمارەی کورسیانە ناتوانن پۆستە باڵاکان تاک لایەنە بەدەستبهێنن، بۆیە بە گشتی سەرجەم لایەنەکان ئەم دۆخە لە بەرژەوەندیانە و خواستیانە بەو شێوەیە درێژەی پێبدەن." ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ 27ی مانگی 11 هەر یەکە لە نەوەی نوێ و بزووتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمەریکایان وت،" پێکهێنانی کابینەی نوێ و کاراکردنەوەی پەرلەمان مەبەستی هەردوولایانە." دەنگی ئەمەریکا بۆ قسەکردن لەگەڵ شاندی پارتی چەند جارێک پەیوەندی کرد بە پشتیوان سادق ئەندامی لیژنەی دانوستکار لەگەڵ لایەنەکان، بەڵام پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون، بەڵام بە قسەی وتەبێژی گۆڕان بێت، لە میانی کۆبوونەوەی دوێنێیاندا،" پارتی موکوڕ بووە لەسەر ئەوەی بە زۆۆترین کات کابینەی دە پێکبهێنرێت. لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردندا، لایەنەکان لێدوانی زبریان بەرامبەر یەک بەکار دەهێنا، یەکێتی بەردەوام باسی لە ڕێککردنەوەی ڕێڕەوەی حوکمڕانی دەکرد و باسی لە سیاسەتی تاکڕەوی دەکرد لە هەرێمدا. لەو بارەیەوە سەعدی پیرە دەڵێت،" یەکێتی دەرگای بۆ سیناریۆ جیاجیاکان کراوەیە بەشێوەیەک حکومەتی هەرێمی کارامان هەبێت وا باشترە تەنانەت داوای لێبوردن لە خەڵکیش بکات و بڵێ لە ڕابردوودا هەڵە کراوە لە پرسی مووچە و ئەمن و تێوەگلانی هەرێم لە شەڕی ئەملاو لا." دەشڵێت،" یەکێتی وتوویەکی ڕاستکردنەوەی ڕێرەوی حوکمڕانی و تاکرەوی و ئەو بێ متمانەییەی کە لە ئامانجی ئەو تاکڕەویە دروست بووە ئەوە چارەسەر بکرێت، ئەگەر لایەنێت پێی وایە حکومەتەکەی بێ غەل و غەش و کەم و کوڕی بووە مانای وایە گفتوگۆکان دوور دەخاتەوە لە یەکتری."