بەریتانیا بۆ ڕێگریکردن لە کۆچبەران، ڕێککەوتنێک لەگەڵ هەرێم و عێراق واژۆ دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-28 23:40:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

لەکاتێکدا ئامارە نوێیەکانی بەریتانیا دەریدەخەن کە کۆچی نایاسایی بۆ ئەو وڵاتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی حکومەتەکانی بۆریس جۆنسۆن و ڕیشی سوناک تۆمارکردووە کە نزیکەی ملیۆنێک بووە، حکومەتی کێیەر ستارمەر لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێک واژۆ دەکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قاچاخچییەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری ئەوروپا و هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ناو وڵاتەکە. بە گوتەی ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، ڕێککەوتنەکە بە مانای هاوکارییەکی نزیکە لەگەڵ هەواڵگری و پۆلیسی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تۆڕەکانی تاوانە ڕێکخراوەکان و گەڕانەوەی خێراتری پەناخوازانی ڕەتکراو و پێکهێنانی دەستەیەکی نوێ بۆ بەڕێوبردنی ئەو ئەرکانە دەبێت. حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە بەم مەبەستە لانیکەم 800 هەزار پاوەند لە پارەی حکومەتی بەریتانیا بۆ ڕاهێنان و پاڵپشتی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەکخستنی تاوانە ڕێکخراوەکان خەرج دەکرێت. بەپێی وەزارەتی ناوخۆی بەرتانیا تۆڕەکانی قاچاخ کە لە دەرەوەی عێراق و کوردستان کاردەکەن بەرپرسیار بوون لە بازرگانیکردن بە هەزاران کەس لەنێویاندا لە سەرانسەری کەناڵی مارش. دوای بڵاوبوونەوەی هەندێ ڕاپۆرت کە باسیان لە ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق و لەسێدارەدانی نایاساییان کردووە، ڕێککەوتنەکە بووەتە جێگەی نیگەرانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ. گرێبەستی عێراق دوای ستایشکردنی ستارمەر دێت بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا، جۆرجیا مێلۆنی، کە "پێشکەوتنی بەرچاوی" لە بڕینی کۆچی نایاسایی لە دەریای ناوەڕاستدا بەدەستهێناوە. ئیتاڵیا لە مانگی یازدەدا لەگەڵ ئەلبانیا گەیشتە ڕێکەوتنێک بۆ میوانداریکردنی دوو سەنتەر کە خەڵک تێیدا نیشتەجێ دەکرێن لەکاتێکدا داواکاریی مافی پەنابەرییان جێبەجێ دەکرێت. هەروەها حکومەتی مێلۆنی گرێبەستێکی لەگەڵ تونس واژۆ کردووە و یارمەتی دارایی ئەو وڵاتەی داوە لە بەرامبەر هەوڵی زیاتر بۆ وەستاندنی ئەو پەنابەرانەی بەرەو ئیتاڵیا دەڕۆن. وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کووپەر لەم هەفتەیەدا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ واژووکردنی زنجیرەیەک ڕێککەوتنی هاوکاری. وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا گوتیشی بەریتانیا، عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان هەنگاو دەنێن و پابەندن بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤەوە. کوپەر وتی "باندی قاچاخچی هەیە بە بەلەمی بچووک لە ڕێڕەوە ئاوییە مەترسیدارەکانەوە خەڵک دەگوازنەوە و ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باکوری فەرەنسا، ئەڵمانیا، سەرانسەری ئەوروپا، تا هەرێمی کوردستانی عێراق دەگەڕێتەوە." سەرچاوە/گاردییەنی بەریتانیا