بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، هەشت پێشنیاز هەن سەبارەت بە سیستەمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی عێراق و دەشڵێ، ئەو پرۆژەیاسایە پێویستی بە سازانە تا پەسەند بكرێت.
بڕیار بوو ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەكان كۆببێتەوە، بەڵام بە هۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە، كۆبوونەوەكە بۆ كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە دوا خرا و بڕیارە ئەمڕۆ دانیشتنەكە بەڕێوە بچێت بۆ دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان.
لەو بارەیەوە، د. محەمەد شاكر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ناكۆكیی سەرەكیی پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ماددەكانی (15،16)ـدایە، ئەو دوو ماددەیەش ڕوحی یاساكەن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاری دەكەن، كە بە چ شێوەیەك بێت، ئایا یەك بازنە دەبێت یاخود فرەبازنە دەبێت، لەسەر ئاستی قەزا لەنێو پارێزگا یاخود پارێزگا بێ، هەروەها براوەكان لەنێو لیست بێت یان ئەوەی بەرزترین دەنگ بەدەست دێنێت."
د. محەممەد ڕوونیشی كردەوە: "جگە لەو پێشنیازەی كە لە حكوومەتەوە هاتووە، حەوت پێشنیازی تریش هەن بۆ پڕۆژەیاساكە كە لە لایەن كوتلە سیاسییەكانەوە پێشكەش كراون، واتە هەشت پێشنیاز هەن سەبارەت بە سیستەمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەر لایەنێك سیستەمێك بە باش دەزانێت و موراعاتی بەرژەوەندیی خۆی دەكات، بۆ ئەوەی دەنگی زیاتر بێنێ، ئەوەش بووەتە هۆكاری ناكۆكیی نێوان لایەنەكان."
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی پارتی گوتیشی: "هەوڵ دەدرێت بە سازان ئەو یاسایە تێپەڕێت، ئەگەر نا بە زۆرینەی دەنگ یەكێك لە یاساكان دێتە تێپەڕاندن."
شایەنی باسە، پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 50 ماددە پێكدێت و لە دانیشتنی ڕابردوودا 14 ماددە پەسەند كران، بەڵام لە ماددەی 15 و 16 فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان و بەشێك لە پەرلەمانتارە عەرەبەكانیش كە لەگەڵ پێشنیازەكە نەبوون، دانیشتنەكەیان جێهێشت و رێژەی یاساییان شكاند."
نەشوان بەرزنجی