هەولێر-KDP.info- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٠/٥/٢٠٢٠، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی لە ئۆلیڤیێ دیکۆتینێ، کونسووڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە وردی باسی لە دۆخی سیاسی و دارایی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کرد، هاوکات ئاماژەی بە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد کە بۆ ماوەی دوو مانگ بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا وەستابوون و بەردەوامیی لێژنەکانی پەرلەمانی لە بەدواداچوون بۆ ڕێکارەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا خستە ڕوو و، ڕایگەیاند، کە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی کاری پەرلەمانی و پەیڕەوی ناوخۆ بەردەوام دەبێت.
هەر لە دیدارەکەدا هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کاری لە پێشینەی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی بۆ ئەم قۆناغە خستە ڕوو کە چاکسازییەکی گشتگیرە لە سەرجەم بوار و سێکتەرەکان و بەرزکردنەوەی داهاتی هەرێم، هەروەها باسی لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم کرد بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ئێستا دوا کەوتووە بەهۆی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو بڕیارە سیاسییەی حکوومەتی عێراق داویەتی لە دژی هەرێمی کوردستان بە ڕاگرتنی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستە ڕوو کە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت، بەپێی ئەو توانا داراییەی کە لەبەردەستیەتی بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "ئێستا دانوستانەکانی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا بەردەوامە و هیوای خواست ئەو بڕیارە سیاسیەی لە دژی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراق دراوە لە کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی کۆتاییی پێ بێت و چارەسەری گونجاو و ڕیشەیی بۆ کێشەکان بدۆزرێنەوە."
ئۆلیڤیێ دیکۆتینێ، کونسووڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستانیش ستایشی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستانی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان هەرێمی کوردستان توانی سەرکەوتووانە بەسەر ئەو پەتا کوشندە جیهانییەدا زاڵ بێت، هیواشی خواست کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن.