گرێتا ثەنبێرگ چالاکوانی ناوداری ژینگە، لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا، وێنەیەکی قەڵای مێژوویی وانی بڵاوکردەوە و سەرنجی خستووەتە سەر پێشێلکردنی مافەکانی کورد و وێرانکردنی ژینگە. ئەمەش مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و هەندێک لە تورکە نەتەوە پەرستەکان داوایان کرد لە تورکیا دەربکرێت. میدیاکانی نزیک لە حکومەتیش تۆمەتباریان کردووە بەوەی گوایە پروپاگەندە دەکات بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). ثەنبێرگ، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، ئەو شوێنەی بە "کوردستان" ناساندووە کە تێیدا بووە و وێنەکانی قەڵای وانی بڵاوکردووەتەوە، کە دەریاچەی وانیش لە وێنەکەدا دەبینرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە " بەم دواییە گەشتێکم بە باکووری کوردستاندا کرد و لەگەڵ خەڵکی کورد لە هەموو جۆرە باکگراوندێکی جیاوازەوە کۆبوومەتەوە. ئەوان بێشومار چیرۆکی ئەو سەرکوتکردنە بەبەرنامەیەیان بۆ گێڕاومەتەوە کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، بە تایبەتی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، هەروەها مێژوویەکی پڕ لە کۆمەڵکوژی." دەشڵێت، یەکێک لە کۆمەڵێک کەرەستەی وەک بەشێک لە هێرشەکانی دژی گەلی کورد بەکاردێت " بڕینی نایاسایی دارستانەکان، ناوچەی قوربانیدان بۆ کۆمپانیاکانی کانگاکان و ئاگرکەوتنەوە – یەکێکە لەو ئامرازە زۆرانەی کە وەک بەشێک لە هێرشە بەردەوامەکانی دژی کورد بەکاردێت." ثەنبێرگ دەشڵێت "ئەم جۆرە هێرشانە زۆرجار دەبێتە هۆی لەناوچوونی فرەچەشنی بایۆلۆجی و ئاوارەبوونی کۆمەڵگا ڕەسەنەکان هەروەها ئاوارەبوونی زۆرەملێ. سڕینەوەی فەرهەنگ و ناسنامە، توندوتیژی دەوڵەت، زیندانیانی سیاسی، ئاوارەبوونی زۆرەملێ، لەناوبردنی سیستمی ئیکۆ و بێسەروشوێنکردن، تەنها چەند نموونەیەکن لەو جیاوازیانەی کە مرۆڤ ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەروەها بێبەشکردنی مافی چارەی خۆنووسین و ئازادی." ئەو خانمە چالاکوانە بۆچوونی خۆی لەبارەی چارەسەری کێشەی کوردەوە خستەڕوو و ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی پردی ڕاستەقینەی هاودەنگی دروست بکرێت، پێویستە ئیدارەی سەربەخۆ بۆ ناوچە کوردنشینەکان لە تورکیا دابمەزرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، کورد مافی خۆیەتی ژیان و کولتوور و کۆمەڵگای خۆی دیاری بکات. هەروەها دەڵێت " تورکیا دەبێ بە چەسپاندنی مافەکانیان لە دەستووردا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر کورد و گرووپە کەمینەکانی دیکە ڕوون بکاتەوە. حکومەت بەردەوامە لە بەکارهێنانی 'تیرۆر' وەک بیانوویەک بۆ بێدەنگکردنی نەیارانی سیاسی خۆی. دەیان هەزار کەسی چالاکی سیاسی بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە زینداندا ماونەتەوە. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ECHR، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی لێبوردن ئەمەیان ئیدانە کردووە و داوای ئازادکردنیان دەکەن." تونبێرگ باسی لەوەشکرد، بۆ ئاشتی و ئایندەیەکی دادپەروەرانە، پێویستە ڕێز لە "مافەکانی گەلی کورد بۆ ئازادی و ئۆتۆنۆمی بگیرێت و هەموو هێرشەکان بۆ سەر کوردستان ڕابگیرێت." ئاماژەی بەوەشکرد، تا هەموو مرۆڤەکان ئازاد نەبن کەس ئازاد نییە و بە "بژی کوردستان" کۆتایی بە نوسینەکەی هێناوە. لەسەر ئەم بابەتەی ثەنبێرگ هەندێک کەس پشتگیریان لێکردووە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە نەتەوەپەرستە تورکەکان ڕەخنەی توندیان لێگرتووە و تەنانەت سوکایەتیان پێکردووە. ڕۆژنامەی سەباح کە یەکێکە لە گەورەترین ڕۆژنامەکانی تورکیا، لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ثەبنێرگ دوای سەردانی شارەوانی ئامەد کە لە دەستی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل (DEM)دایە ، قسەکانی پەکەکەی کردووەتەوە و تورکیای بە کۆمەڵکوژی کورد تۆمەتبار کردووە. ڕۆژنامەکە باس لەوەش دەکات "ثەنبێرنگ هەرگیز باسی هێرشە تیرۆریستییەکانی پەکەکەی نەکردووە و بە زمانی پەکەکەوە، بەشێکی تورکیای بە کوردستان ناوبردووە. ڕۆژنامەکە دەشڵێت بە پۆستەکانی پڕوپاگەندەی پەکەکەی بڵاو کردووەتەوە و لەسەر ئەو پۆستانەی لەلایەن هەموو لایەکەوە ڕەخنەی لێ گیراوە. زانای سیاسی ئۆزجان کربییک ڕایگەیاند، کاردانەوە توندەکان بەرامبەر تەنبێرگ نیشانی دەدات کە میدیای تورکیا و ڕەگەزپەرستانی تورک دوورن لە کێشەی کورد. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لە ڕێگەی ثەنبێرگەوە، کێشەی کورد جارێکی دیکە هاتە کارنامەی تورکیا و جیهان. بەڵام لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا جارێکی دیکە بینیمان کە میدیای تورکیا و ناسیۆنالیستە تورکەکان چەندە لە کێشەی کورد دوورن. هەروەها کەسانێکیش کە بە لیبڕاڵ ناسراون و چەپەکانیش لە میدیاکان بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ هێرشیان کردە سەر گرێتا." کیربییک گوتیشی ئەوانەی کە ئەمڕۆ هێرشیان کردووەتە سەر گرێتا ثەنبێرگ، لە ڕابردوودا ستایشیان کردووە بۆ قسەکانی بۆ پشتیوانی لە فەڵەستینییەکان، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی هەڵوێستەکانی لەسەر کورد دەکرێتە ئامانج. شایانی باسە، ثەنبێرگ خواستبووی بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی "گۆڕانکاری ژینگە" سەردانی باکوی پایتەختی ئازەربایجان بکات، بەڵام ڕاگیرا و دوای گەشتەکەی بۆ جۆرجیا و ئەرمینیا سەردانی تورکیای کرد و بەشداری لە کۆبوونەوەی ژینگەپارێزان لە ئەستەنبوڵ کرد. هەروەها سەردانی شاری ئامەد و وانیشی کردووە. ئەم چالاکوانە لە لە ساڵی 2003 لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید لەدایک بووە. لە ساڵی 2018 بە ناڕەزایەتییەکانی "بایکۆتکردنی قوتابخانەکان بۆ کەشوهەوا" ناسرا. بەپێی خەمڵاندنەکان لە ساڵی 2019دا نزیکەی یەک ملیۆن و نیو خاوەنکار لە 112 وڵاتەوە بەشداری چالاکییەکانی ئەویان کردووە. تا ئێستا چەندین چالاکی کاریگەری ئەنجام داوە و سێ جار پاڵێوراو بووە بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.