" ھەرێمی کوردستان بەسەر کۆرۆنا سەرکەوتووە''

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-10 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  ماوەی سێ ڕۆژە ھیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش ئاشکرای کرد، تەنیا ١٧ نەخۆش لەناو نەخۆشخانەکان ماون و ڕەوشی تەندروستییان جێگیرە.

د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: 'ئێستا تەنیا ١٧ کەس بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەدان و بەشی زۆریان لە پارێزگای ھەولێرن، ڕەوشی تەندروستی نەخۆشەکان زۆر باشە و ھیچ مەترسییان لەسەر نییە، ھەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ ھەزار کەس کەرەنتینە کراون و ھەموویان دەرچوونە تەنیا لەو ژمارەیە ١٢٠٠ کەس لەناو کەرەنتینە ماون."

د. سەرھەنگ جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی خۆپاراستنی تەندروستیی ھەولێر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ھەموو ئەو چارەسەریانەی بەکار ھاتوون لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانییەوە پەسەند کراون، ھەرێمی کوردستان لەو وڵاتانەیە کە ھەر لە سەرەتاوە ڕێکاری پێویستی گرتووەتەبەر و ھێندەی نەماوە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی بەسەر کۆرۆنادا زاڵ بین."

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "ماوەی سێ ڕۆژە ھیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، ئەمەش دڵخۆشکەرە، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە ناگەیەنێت کۆرۆنا کۆتاییی ھاتووە لە ھەرێمی کوردستان، بەڵکوو دەتوانین بڵێن ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتووین بەسەر کۆرۆنادا."

د. محەمەد قادر ڕوونی کردەوە: "پلان ھەیە لە چەند ڕۆژی داھاتوو مزگەوتەکان و دەوامی فەرمانگەکانی حکوومەتیش بکرێنەوە، ئەوەش پێویستی بە ڕێکاری خۆپارێزی ھەیە، لەبەر ئەوە داواکارین ھاووڵاتیان بەردەوامی بدەن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی، تۆمارکردنی تەنیا یەک حاڵەتیش مانای ئەوەیە کە کۆرۆنا ھەر مەترسییە."

قائید میرۆ