سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەڵێت بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کاش پاتێل دەستنیشان دەکات بۆ سەرکردایەتیکردنی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ. پاتێل کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەی ترامپدا بەڕێوبەری هەواڵگری نیشتیمانی و وەزیری بەرگری بوو، پێشتر داوای کردبوو ڕۆڵی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری لە دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی بسەندرێتەوە و هەر کارمەندێکی دەزگاکە کە پشتیوانی لە ترامپ ناکات دەربکرێت. پاتێل لە مانگی نۆدا لە پڕۆگرامی شۆن ڕایان شۆودا وتی " گەورەترین کێشەی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ ئەوە بووە کە لە نێو دەزگاکانی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگریدایە، ئەو بەشەی لێ لادەبەم. لە یەکەم ڕۆژدا بینای هوڤەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ دادەخەم و ڕۆژی دواتر دەیکەم بە مۆزەخانەی دیپ ستەیت." وتیشی " ئەو 7000 کارمەندەش کە لەو بینایەدا کاردەکەن دەیانهێنم و دەیاننێرم بۆ سەرانسەری ئەمەریکا تاوەکو بە دوای تاوانباراندا بگەڕێن. بڕۆن ببن بە پۆلیس. ئێوە پۆلیسن بڕۆن ببن بە پۆلیس." بە دەستنیشانکردنی پاتێل، وادیارە ترامپ ئامادەکاری بکات بۆ لابردنی بەڕێوبەری ئێستای دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ کریستۆفەر ڕەی، کە کۆمارییە و سەرەتا لەلایەن ترامپەوە دەستنیشانکرا. ماوەی خولە 10 ساڵەییەکەی ڕەی وەکو بەڕێوبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ تاوەکو ساڵی 2027 بەسەر ناچێت. کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە هەڵبژاردنی پاتێل، کە پێویستی بەوەیە ئەنجومەنی سینات پەسەندی بکات، وتەبێژێکی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ وتی " هەموو ڕۆژێک، ژن و پیاوەکانی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ بەردەوام کاردەکەن بۆ پاراستنی ئەمەریکاییەکان لە چەندین مەترسی. سەنگی بەڕێوبەر ڕەی هێشتا لەسەر ژن و پیاوەکانی دەزگای لیکۆڵینەوەی فیدڕاڵە، ئەو خەڵکانەی کە کارییان لەگەڵدا دەکەین، ئەو خەڵکانەشی کە کارییان بۆ دەکەین." بەپێی یاسا، بەڕێوبەرەکانی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ خولێکی 10 ساڵەییان لەو پۆستەدا پێدەدرێت، ئەوەش لە پێناو دەرهێنانی دەزگاکە لە سیاسەت. ڕەی کە ترامپ لە ساڵی 2017 دا وەکو بەڕێوبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ دەستنیشانیکرد، دوای ئەوەی جەیمس کۆمی دوورخستەوە لەسەر لێکۆڵینەوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016، ئامانجی سەرەکی لایەنگرانی ترامپ بووە. لە ماوەی خولەکەی ڕەیدا، دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ پشکنینێکییان لە موڵکی مار ئا لاگۆی ترامپدا ئەنجامدا کە دادگا مۆڵەتی پێدا بوو بۆ گەڕان بە دوای بەڵگەنامە نهێنییەکاندا. هەروەها ڕەخنەی لێگیراوە لەسەر ڕۆڵە سەرپەرشتیارییەکەی کە لەلایەن وەزیری داد مێریک گارلاندەوە فەرمانی پێکراوە و ئامانجی لێی کارکردنە بۆ پاراستنی ئەنجومەنەکانی قوتابخانەکان دژی توندوتیژی و بێزارکردنییان. ڕەی پێشتر ئاماژەی بەوە داوە کە نیازی نیە دەست لە کاربکێشێتەوە و سەرقاڵە بە پلاندانان بۆ ساڵی 2025، ئەمەش بەپێی کەسێکی نزیک لە بابەتەکەوە. پاتێلی تەمەن 44 ساڵ پێشتر وەکو داکۆکیکارێکی گشتی فیدڕاڵ و لێکۆڵەرێکی فیدڕاڵ کاری کردووە. سەرچاوە/ڕۆیتەرز/ دەنگی ئەمەریکا