دوو سەرچاوەی حەماس وتییان سەرکردەکانی حەماس ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی میسڕدا کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر هەوڵێکی نوێ کردووە بۆ ئاگربەستێک لە جەنگەکەی ناو غەززەدا، دوو بەرپرسی ئیسڕائیل وتیان سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهوش بڕیارە لەو بارەیەوە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کابینەکەی ئاسایشیدا ئەنجام بدات. سەردانەکەی حەماس بۆ قاهیرە یەکەمین سەردان بوو دوای ئەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند هەوڵەکان زیندوو دەکاتەوە بۆ هاریکاریکردن لەگەڵ قەتەڕ و میسڕ و تورکیادا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی ئەو بارمتانەشی کە لەلایەن حەماسەوە لە غەززە گیراون. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان وتی لە ئێستادا دەرفەت هەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە. سۆلیڤان یەکشەممە بە سی ئێن ئێنی وت " حەماس پەراوێزخراوە. حزبوڵا چیتر لەگەڵییاندا شەڕ ناکات، پشتیوانیکارانیشییان لە ئێران و شوێنەکانی دیکە سەرقاڵی ململانێی دیکەن." وتی " لەبەرئەوە پێم وایە دەرفەتێک هەیە بۆ بەرەوپێشچوون، بەڵام پێشبینی ئەوە ناکەم کەی بە دیاریکراویی ئەوە ڕوودەدات، زۆر جار زۆر نزیک بووینەتەوە بەڵام نەگەیشتوونەتە سەر هێڵی کۆتایی." هاوکات شەڕەکە لە کەرتی غەززەدا بەردەوام بوو، بەرپرسی دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی ( ئونروا ) وتی ناچار بووە گەیاندنی یارمەتییەکان لە خاڵێکی سنووری ڕابگرێت دوای ئەوەی چەتە چەکدارییەکانی ناو غەززە دەستییان بەسەر بارە خۆراکێکی کاروانێکی بارهەڵگرەکاندا گرت. فیلیپ لازارینی ئونروا وتی " ئەم بڕیارە قورسە لە کاتێکدایە کە برسێتی زۆر بە خێرایی قووڵتر دەبێتەوە." تیمەکانی فریاگوزاری دەڵێن ڕۆژی یەکشەممە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلەوە 20 فەلەستینی کوژراون، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئیسڕائیل بەردەوام بوون لە بۆردومانکردنی سەرانسەری کەرتەکە و تەقاندنەوەی خانووەکان لەسەر لێواری باکووری غەززە. تیمەکانی فریاگوزاری وتیشیان لە کامپی نوسیرەتی ناوەڕاستی غەززە، هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل شەش کەسی لە خانوویەکدا کوشتووە، هێرشێکی دیکەش سێ کەسی لە ماڵێکدا لە شاری غەززە کوشتووە. وتیشیان دوو منداڵ کوژراون کاتێک موشەکێک لە خێمەیەکی داوە لە خان یونسی باشووری غەززە، هاوکات چوار کەسی دیکە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ڕەفەح کوژراون کە دەکەوێتە نزیک سنووری میسڕەوە. دانیشتوان دەڵێن سوپای ئیسڕائیل کۆمەڵێک خانووی لە ناوچەکانی باکووری غەززەی وەکو جەبەلییە و لاهییە و بەیت حەنوون تەقاندووەتەوە. فەلەستینییەکان دەڵێن ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسڕائیل لەسەر لێواری باکووری غەززە بەشێکن لە پلانێک بۆ دوورخستنەوەی خەڵکەکە لە ناوچەکە لە ڕێی بۆردومانکردن و چۆڵکردنەوە بە مەبەستی دروستکردنی ناوچەیەکی دابڕێندراو. سوپای ئیسڕائیل بە توندی ئەوە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت شەڕ لەگەڵ حەماسدا دەکات. سوپا دەڵێت سەدان چەکداری حەماسی لەو بەشەی غەززەدا کوشتووە لە کاتێکدا کە شەڕ دەکات بۆ ئەوەی حەماس نەتوانێت خۆی ڕێکبخاتەوە. هەروەها لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا نزیکەی 30 سەربازیشی لە شەڕەکاندا لەوێ کوژراون. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز