هەوڵەکان بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ کوردەکانی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە گەمارۆدراون، بەردەوامە

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-02 18:40:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە هەژماری (X)ی خۆیدا ڕایگەیاندووە، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە حەلەب، تل ڕفەت و شەهبا ئازایانە بەرگرییان لە هاووڵاتیان کردووە. عەبدی گوتیشی " کاردەکەین بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سوریادا بکەین بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی گەلەکەمان و گواستنەوەیان بە سەلامەتی لە ناوچەکانی تل ڕفەت و شەهبا بۆ ناوچە ئارامەکانمان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی وڵات."   عەبدی لە درێژەی ڕاگەیاندنەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە بەرخۆدانی هێزەکانیان لە گەڕەکەکانی حەلەب بۆ پاراستنی کورد بەردەوامە. لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەنگی ئەمەریکا لە گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەبەوە دەستی کەوتووە، گرووپی چەکداری هەیئەت تەحریر ئەلشام (HTS) ئاو و کارەبای گەڕەکە کوردییەکانی بڕیوە. پارێزەر عەلائەدین کالۆ، کە نیشتەجێی شێخ مەقسودە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، دۆخی کورد لە شەهبا زۆر سەختە. کالۆ گوتیشی"لە گەڕەکی شێخ مەقسود، هەموو کەس لە ماڵەکانی خۆیانن و بێدەنگییەکی زۆر هەیە." بەپێی زانیارییەکان هەزاران کوردی عەفرین شەوێکی زۆر ساردیان لە کوێستانەکانی شەهبا بەسەر بردووە. جوانا کۆچبەرێکی خەڵکی عەفرینە و هاوکات لە ناوچەی شەهبا گیری خواردووە، لە نامەیەکی نووسراودا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاندووە، شەوی ڕابردوو  پیرەمێردێک بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەستداوە. جوانا دەڵێت "ژن و منداڵان لە دەشتاییەکی زۆر سارددا گیریان خواردووە، چەکدارەکان گەمارۆیان داوین، و گولە بەسەرسەرماندا دەڕوات، نازانین چارەنووسمان چی دەبێت." جابر جەندۆ، چالاکوانێکی کوردی ئێزدی ڕایدەگەیەنێت، هەزاران کورد لە نێویاندا سەدان ئێزدی لە شەهبا، لەلایەن چەکدارەکانی کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکات گەمارۆدراون و لەژێر هەڕەشەی جینۆسایددان. جەندۆ داوای لە جیهان کرد کە ڕێگری لە جیهادییەکان بکەن تا کۆمەڵکوژی شەنگال لە شەهبا دووبارە نەبێتەوە. جەندۆ گوتیشی "ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر کوردەکانی شەهبا سەر داعشن، ئەوانیش هەمان ئایدۆلۆژیای داعشیان هەیە، مەترسی دووبارەبوونەوەی شەنگال لە شەهبا هەیە". هەر بەپێی زانیارییەکان هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی سەلامەت بەردەوامە، بەڵام تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە ئەنجامەکانی دیاری نەکراون.