ئەردۆغان دەڵێت هیوادارە ' ناسەقامگیرییە 13 ساڵەییەکەی ' ناو سوریا کۆتایی پێبێت

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-02 19:55:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوای کۆتایی هێنانێکی کرد بە " ناسەقامگیرییەکەی " ناو سوریا و ڕێککەوتنێک بۆ وەستاندنی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارییەکانەوە سەریهەڵداوەتەوە. ئەردۆغان وتی " هیوای گەورەمان بۆ سوریا ئەوەیە کە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکەکەی و یەکگرتوویی نیشتیمانی بپارێزرێت، هەروەها هیواخوازین ناسەقامگیرییەکە کە ماوەی 13 ساڵە بەردەوامە کۆتایی بێت، بە سازشێک کە لەگەڵ داواکارییە ڕەواکانی گەلی سوریادا بگونجێت." وتیشی " ماوەیەکی دوورودرێژە سەرنجەکانمان ڕاکێشاوە بەلای ئەگەری ئەوەدا کە پەرەسەندنی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرێت کاربکاتە سەر سوریا. ڕووداوەکانی ئەمدواییانە ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە تورکیا ڕاست بوو." وتیشی " تورکیا لە چوارچێوەی ئاسایشی نیشتیمانی خۆیدا سات بە سات چاودێری دۆخەکە دەکات و هەنگاوی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە هەر کارێک کە زیان بەوە بگەیەنێت." تورکیا سنوورێکی دوورودرێژی لەگەڵ سوریادا هەیە و لە ساڵی 2016 ەوە هێزەکانی و گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری لە سوریادا کۆنتڕۆڵی چەند بەشێکی باکووری سوریایان کردووە، لەوێوە لەگەڵ گروپە چەکدارییەکانی دیکەدا چەندین هێرشییان ئەنجام داوە بۆ دوورخستنەوەی هێزە کوردییەکان. تورکیا میوانداریی نزیکەی 3.2 ملیۆن پەنابەری سوریایی کردووە کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی 2011 ەوە هەڵاتوون بۆ تورکیا. نیگەرانی هەن لەسەر ئەوەی کە شەڕ و خوێنڕشتنەکەی ئێستا دەکرێت ئەو ژمارەیە زیاتر بکات. پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانی نێوان تورکیا و سوریاش لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە پچڕاون، بەڵام لە مانگی یانزەی ساڵی 2022 ەوە ئەردۆغان هەوڵی نزیکبوونەوەی داوە لە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد. تاوەکو ئێستا هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریادا شکستییان هێناوە. سەرچاوە/ فرانس پرێس