شارەزایەکی سەربازی: حکومەتی عێراق دەترسێت ئاڵۆزییەکانی سوریا بگاتە وڵاتەکەی

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-02 21:50:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

شارەزایەکی بواری سەربازی ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق ترسی هەیە لە گواستنەوەی شەڕی ئێستای سوریا بۆ عێراق، بۆیە عێراق ئامادەکاری کردووەو سنورەکانی توندوتۆڵ کردووە. موئەیەد جحێشی، شارەزای بواری سەربازی عێراقی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ترسی عێراق لە گواستنەوەی شەڕی سوریا بۆ نێو وڵاتەکەی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، لە ساڵی 2014 داعش لە سوریاوە بۆ عێراق پەڕییەوە، بۆیە ئێستا ترسی هەیە لە پەڕینەوەی ئەو گروپانە بۆ عێراق." شەڕی نێوان ڕژێمی سوریا و گروپە چەکدارەکانی هەیئەی تەحریری شام بەردەوامی هەیە، بەشێکی زۆری شاری حەلەب دووەم گەورەترین شاری سوریا لەلایەن ئەو گروپانەوە کۆنترۆڵکراوە. ئاڵۆزییەکانی نێو سوریاو کۆنترۆڵکردنی شاری حەلەب لەلایەن ئەو گروپە ئیسلامییانەی بە نزیکانەی تورکیا تۆمەتبار دەکرێن، وایکردووە حکومەتی عێراق ڕێوشوێنی ئەمنی توند لە سنورەکان بگرێتە بەر بە ئامانجی ڕێگەگرتن لە گواستنەوەی ئاڵۆزییەکان بۆ نێو وڵاتەکەی. لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریاو محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بارودۆخی ئێستای سوریایان تاوتوێکردووەو سەقامگیری و ئاسایشی هەردوو وڵاتیان گرێداوە بە یەکترییەوە. هەماهەنگی نێوان عێراق و سوریاو مەترسییەکانیان تەنها بە جوڵەی سیاسی و دیبلۆماسییەوە نەوەستاوە بەڵکو پەرەی سەندووە بۆ هەماهەنگی سەربازیش، بەو پێیەی هەردوولایان ئەو هێزە سونە بە مەترسی دادەنێن بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکانیان. بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە پشتی بە سەرچاوەیەکی باڵای سوپای سوریا بەستووە، شەوی ڕابردوو، دەیان چەکداری حەشدی شەعبی لە عێراقەوە چوونەتە ناو سوریاوە، ئەوەش لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی سەربازی نزیک لە خاڵی سنوری ئەلبوکەمال. حەمدی گلی، شارەزای بواری ئاسایشی نیشتمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عێراق ترسی هەیە لەوەی ئەو لافاوەی سوریای گرتووەتەوە بگاتە عێراق، چونکە سەدرییەکان و تشرینییەکانی عێراق ناڕازین و کەشی عێراق لەبارە بۆ ئاڵۆزی." دەشڵێت،"ئەو ململانێیەی لە سوریا هەیە گەر بەشێکی گرێدراوی ئاڵۆزی سیاسی و ئابووری و ململانێی نەتەوەیی بێت، بەشێکی گرنگی گرێدراوە بە ناکۆکی مەزهەبی، بەو پێیەی تورکیا خۆی بەدەمڕاستی جوڵانەوەی سونە دەزانێت و پاڵپشتی هێزە سونەکان دەکات ." جگە لەوەی هێزە شیعەکان ئاسایشی عێراق و سوریا گرێ دەدەن بەیەکترییەوەو لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە بەردەوام هەماهەنگی دەکەن، ترسێکی تری عێراق بۆ ئەوە دەگێڕدرێتەوە ڕووداوەکانی سوریا وروژاندنی سونەکانی عێراقی لێبکەوێتەوە. دەوترێت ترسی گەورەی عێراق لەوەیە هەیئەی تەحریری شام ببێتە هێزێکی خاوەن دەسەڵات و پێگە لە سوریاو قوڵایی ستراتیژی دروست بکات، بە تایبەت شێوازی بانگەشەی ئەم هێزە جیاوازە لە داعش و ڕێکخراوی قاعیدەو تونڕەوی ڕەتدەکاتەوە، هەرچەندە وەکو هێزێکی تیرۆرستی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ناسێنراوە. دکتۆر سەباح بەغدادی، چاودێری سیاسی و یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردی فەیلی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ترسی عێراق لە دۆخی سوریا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گومانەی لە دەستوەردانی تورکیا هەیەتی لە گۆڕانکارییەکانی سوریادا، بەتایبەت پێشتر تورکیا بە پاڵپشتی داعشیش تۆمەتبار دەکرا." ئەو وتیشی،"عێراق ترسی هەیە لە لاوازتربوونی حکومەتی سوریاو زاڵبوونی تورکیا لەو وڵاتە، ترسەکەی عێراق لەوەوە سەرچاوە دەگرێت نازانێت دۆخی سوریا بەرەو کوێ دەچێت. عێراق ترسیشی هەیە لە دەستوەردانی تورکیا لە عێراق گەر ئەو دەستوەردانەی سوریای سەربگرێت." بەپێی وتەی ئەو چاودێرە سیاسییە، ترسی عێراق ترسی دەرەکییە نەک ناوخۆ، چونکە ئێستا سونەکانی عێراق پۆستی باڵایان هەیەو تاڕادەیەک نیگەرانییان لەپەراوێزخستن ڕەویوەتەوە، لەکاتێکدا کاتێک داعش لە ساڵی 2014 بەشێکی زۆری عێراقی کۆنترۆڵکرد، سونەکان هەستیان بەپەراوێزخستن دەکرد. ئاڵۆزبوونی دۆخی سوریاو کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە سوریا لەلایەن هەیئەی تەحریری شام لەکاتێکدایە، سوریاو حیزبوڵای لوبنان کە لەگەڵ شیعەکانی عێراق دا بە نزیکایەتی ئێران دادەنرێن تەواو لاوازبوون، بۆیە دەوترێت شیعەکانی عێراق گومان دەکەن لەداهاتوودا نۆرەیان بێت و فشارەکانی سەریان چڕتر بکرێتەوە.