ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە داوای کەمکردنەوەی توندوتیژیەکانی لە سوریا کرد، لە کاتێکدا گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان بەشێکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتیان لە حەلەب و دەوروبەری کۆنترۆڵ کردووە. هەروەها یەکێتیی ئەوروپا داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە ئاستی توندوتیژییەکان کەمبکەنەوە، لە کاتێکدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە "ترسی" لە توندوتیژییەکان هەیە و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕەکەی کردووە. سوریا لە ساڵی 2011وە و لە دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە ئەسەد لە شەڕدایە. لەو کاتەوە ئەم ململانێیانە زلهێزانی جیهانی و جیهادییەکانیشی ڕاکێشاوە و بەهۆی شەڕو پێکدادانەکانیشەوە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کوژراون. دوای ئەوەی هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد بەشێکی زۆری وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ کردەوە ململانێکان تا ئەندازەیەک بێدەنگ بوو تا هەفتەی ڕابردوو کاتێک گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکان دەستیان بە هێرشەکەیان کرد. لەم هێرشەدا بەشێکی زۆر لە سوریا کەوتە ژێر کۆنترۆڵی یاخیبووانەوە، لەنێویاندا شاری حەلەب کە دووهەم گەوەرەترین شاری سوریایە بۆ یەکەمجار لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆوە لەلایەن یاخیبوانەوە کۆنترۆڵ کراوە. ماثیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، "دەمانەوێت ببینین هەموو وڵاتان کاریگەریی خۆیان بەکاربهێنن بۆهەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و لە کۆتاییدا، پرۆسەیەکی سیاسی بەرەو پێش بەرن." لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن ئەنوەر ئەلعەنونی وتەبێژی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاوە بڵاوکراوەتەوە، یەکێتی ئەوروپا داوای کەمکردنەوەی توندوتیژی و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنیشی کردووە، هاوکات ڕوسیای پشتیوانی ئەسەدی تۆمەتبار کردووە بەهۆی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ پاڵپشتیکردنی. ڕووسیا بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2015دا ڕاستەوخۆ دەستوەردانی لە شەڕی سوریادا کرد و هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی یاخیبووان. هاوکارییەکانی ڕووسیا لەگەڵ هاوکارییەکانی ئێران و گرووپی چەکداری حزبوڵای لوبنان، ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە هێشتنەوەی دەسەڵاتی ئەسەد. هەر لە ڕۆژی دووشەممە کرێملین ڕایگەیاند ڤلادیمێر پوتین و سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان پێکەوە قسەیان کرد و هەردووکیان بەڵێنی "پشتیوانی بێ مەرج"یان بۆ هاوپەیمانەکەیان داوە. حەلەب کە دوو ملیۆن کەسی تێدایە، پێشتر لە شەڕی سوریادا ڕووبەڕووی شەڕێکی توند بووەوە. لە کۆتایی هەفتەی ڕابروودا گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام (HTS) و هاوپەیمانەکانی زۆربەی شارەکەیان گرتە دەست و تەنها ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان نەبێت، هەروەها دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبیشدا گرت. گروپی HTS کە سەربە ئەلقاعیدەی سوریایە، بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار کراوە. فەرماندەیەکی یاخیبووان پلانەکانی بۆ پێشڕەویکردن بەرەو دیمەشق دەربڕی، هاوکات دانیشتوانی حەلەب باسیان لە توندوتیژیەکی زۆر کردووە. هاوکات هێرشە ئاسمانییەکانی سوریا و ڕوسیاش لە ئیدلب و حەلەب بوون بە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانی مەدەن. هەرچەندە بەشێک لەو گرووپە چەکدارانە سەر بە تورکیان بەڵام سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی دووشەممە داوای سەقامگیری لە سوریا کرد و گوتی " ئەردۆغان وتی " هیوای گەورەمان بۆ سوریا ئەوەیە کە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکەکەی و یەکگرتوویی نیشتیمانی بپارێزرێت، هەروەها هیواخوازین ناسەقامگیرییەکە کە ماوەی 13 ساڵە بەردەوامە کۆتایی بێت، بە سازشێک کە لەگەڵ داواکارییە ڕەواکانی گەلی سوریادا بگونجێت." زلهێزه کانی ناوچه که له نێویاندا ئێران جەختی له گرنگی بوژاندنەوەی دانوستانه کانی ئاشتی کردووەتەوە. بەهۆی توندوتیژییەکانی ئەم چەند ڕۆژە لە سوریا 514 کەس کە کوژراون کە بەلایەنی کەم 94 کەس لەوانە هاووڵاتی مەدەنی بوون. سەرچاوە: فرانس پرێس