شاندەکانی پارتی و یەکێتی بە جیا سەردانی ئەو لایەنانە دەکەن کە لە هەڵبژاردنەکەی 20ی مانگی دەی ئەمساڵ(2024)کورسییان بەدەستهێناوە، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەو دوو حزبە، هەریەکەیان دەیەوێت پشتیوانی دەنگی بەلایەنی کەم 51 ئەندامی پەرلەمان بەدەستبهێنێت تاوەکو بتوانێت کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت، هەرچەندە بەشێک لە چاودێران و تەنانەت خودی بەرپرسانی پارتی و یەکێتیش لە ڕابردوو جەختیان کردووەتەوە ئەگەر بشتوانن لە ڕووی یاساییەوە بەبێ یەکتر حکومەت پێکبهێنن، بەڵام لە ڕووی واقیعی هەرێمی کوردستانەوە ناتوانن بەبێ یەکتر حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بکەن. دەپرسین: بۆچی پارتی و یەکێتی پێکەوە وەک جاران هەوڵی پێکهێنانی حکومەت نادەن و هەتا ئێستا تەنیا یەک کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە؟ ئایا پارتی یان یەکێتی لە دەرەوەی یەکتر سەرکەوتوودەبن بۆ ڕازیکردنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت؟ ئایا پارتی و یەکێتی سیاسەت و تێڕوانینی جیاوازیان هەیە بۆ چۆنیەتی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان؟ لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری: دکتۆر عەدالەت عەبدوڵا، مامۆستا زانکۆ و شیکەرەوەی سیاسی. سەلام سدیق بەرواری، مامۆستای زانکۆ و شیکەرەوەی سیاسی. دکتۆر عەدالەت عەبدوڵا: هەروەک لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دەرکەوت، جۆرێک لە گەرمی و جوڵەی دا بە پڕۆسەی سیاسی هەرەمی کوردستان، کە پێویستە ئەمجارە شێوازی حکومڕانی و شەراکەتی لایەنەکان لە حکومەت و کەشەکانی خەڵک و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد پێداچونەوەیان پێدابکرێت و خاڵی کۆتایی لەسەر ئەوەی لە ڕابردوو هەبووە دابنرێت، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆچونی جیاوازی هەیە، پێی وایە ئەو مەبدەئی شەراکەتەی لەڕێککەوتنەکاندا پارتی واژۆی دەکات دواتر لە حکومەتدا جێبەجێی ناکات، لەو سەردانەی شاندی پارتی کە ئەنجامی دا کەش و هەوای کۆبوونەوەکە ئیجابی بووە، هەردوولا جەختیان لەسەر لێکتێگەیشتنی لایەنەکان بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەکێتی هەبووە، بەپێی زانیارییەکانی من یەکێتی هەندێک ڕەخنەی توندی هەبووە و جەختیکردووەتەوە کەدەبێت لە قۆناغی داهاتوو ئەو کەموکورتییانە کۆتایی پێبێت، بێگومان لایەنی بەرامبەریش قسەی خۆی هەبووە، بڕیاری کۆتایی یەکێتی ئەمجارە کۆتایی هێنانە بەنادادپەروەری، لەدابەشکردنی داهات، ناکرێت داهات و خزمەتگوزاری لە دوو پارێزگای جێ نفوزی پارتی خەرج بکرێت و دادپەروەری نەبێت لەدابەشکردنی داهاتدا، ڕەنگە هێڵێکی سیاسی لەناو پارتیدا هەبێت کە حکومەت بەبێ یەکێتی پێکبهێنرێت، بەڵام خۆ ئەگەر ئەوە مومکینیش بێت بەڵام واقیعی نیە، بۆ یەکێتیش ئەوە ڕاستە، کە کەسیان ناتوانن ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوی تر بەبێ یەکتر پێکبهێنن.. کۆبونەوەی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکان، بۆ دروستکردنی بەرەیەکی سیاسییە، کە بە پارتی بوترێت ناکرێت وەک ڕابردوو مامەڵە و حوکمڕانی بکرێت وە هەروەها ئەو بەرەیە بۆ پشتیوانی لە هەر بڕیارێکە کە لە خزمەت خەڵکدا بێت،ئ ەمە بۆچونی یەکێتیش نیە بەتەنها، پیاوێکی وەک کاک نێچیرڤان بارزانی کە سیفەتی فەرمی هەیە لەدیداری مێری بە ئاشکرا وتی(ئێمە ناتوانین وەک ڕابردوو حوکمڕانی بکەین)، وە پێشموایە لە دانوستانەکان ڕاستەوخۆ ئەوە بە پارتی دیموکراتی کوردستان کەپێویستە بەدیاریکراوەی(کاک مەسرور)ئەدای خۆی بگۆڕێت، بەڵام ئەوەی کە پارتی کێ دەکاتە کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت ئەوە مافی خۆیەتی و خۆی ئازادە. عەبدولسەلام بەرواری: سەرەتا ئەوە دەڵێم، ڕاستە من کادیرێکی پێشکەوتووی پارتیم، بەڵام تکایە کەس لەسەر پارتی حسابی نەکات، ئەوە بۆچونی شەخسی خۆمە، من لێی بەرپرسم، هەرچەندە بیرکردنەوەکانم لە چوارچێوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت، ئەوەی بمناسێت دەزانێت کە ڕێگە دەدەم ڕای خۆم بە ئازادی بڵێم، واقیعێکی تاڵ هەیە لە کوردستان بەداخەوە کە دوای شەڕی ناوخۆ دروستبووە لە کوردستان جا پێمان خۆش بێت یا نا، کە چ پارتی وە چ یەکێتی ناتواننن بێ یەکتر حکومەت پێکبهێنن یا بڵێیین حکومی کوردستان بکەن، پارتی و یەکێتیش چەند بوەستن یا هەرچی بکەن، شەش مانگی تریش بێت، دەبێت هەردواجار ڕێکبکەون و کەشوهەوای بانگەشەی هەڵبژاردن تێپەڕێنن، ئەو قسانەی یەکێتیش کە باس لە شەراکەتی ڕاستەقینە دەکات، بەڕاستی ئێمە بەدرێژایی هەموو کابینەکانی حکومەت ڕۆژێک لە ڕۆژان نەمانبینیووە وەزیرێکی یەکێتی ئەو قسەیە بکات و بڵێت، من دەسەڵاتی شەراکەتی ڕاستەقینەم نیە، بەپێچەوانەوە بینیومانە وەزیرەکانی یەکێتی و گۆڕان لەسەر تەلەفزیۆن وتویانە جێگای شانازییە کەسەرۆکی حکومەت مامەڵەی جیاوازتر و باشتر لەگەڵ ئێمە دەکات وەک لە وەزیرەکانی پارتی. کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەگەڵ ئەو لایەنانەی تر باشە، بەڵام من بم دەچم پێییان دەڵێم، مەعقول نیە ئێوە بانگەشەتان کرد، قسەتان دەکرد، شەقامتان بە پۆستەر و وێنە تێکدا ئێستاش دەڵێن بەشدار نابین، وەرن حکومەت وەزارەتێک وەرگرن نمونەی جوان بە خەڵک پیشان بدەن بڵێن ئێمە ئەگەر هاتینە دەسەڵات بەوجۆرە حکومڕانی دەکەین، منیش دەڵێم دەبێت کۆتایی پێبهێنرێت، یەکێتی لەڕابردوو نیوەی دەسەڵات بووە کەچی وەک ئۆپۆزسیۆن مامەڵەی دەکرد. بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکان پێویستە لەسەر ئاستی کەسی یەکەم پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، من ئەو ڕۆژە سەیری شاندەکانم کرد، ئەو شاندانە بڕیار بەدەست نین، ئەوە وەک ئەو شاندانە وان کەدەچنە بەغداد کە لەئاستی بەڕێوەبەری گشتیدان، لەکاتێکدا بڕیاری بڕینی بودجە بڕیاری سیاسییە، ئەگەر سەرۆکی هەرەم یا حکومەت بچێتە بەغداد شتێکی ترە. لەسلێمانی و لەدروستبوونی گۆڕانەوە بیرۆکەیەک دروستبووە کەهەرلایەنێک نزیکی حکومەت ببێتەوە بەئاگری حکومەت دەسوتێ، کەبەڕاستی خۆی ئەمە وانیە ئەو حزبە بچوکانەی دوو-سێ کورسی هێناوە لەترسی کەمنەکردنی دەنگەکانی یا لانی کەم هێشتنەوەی ئەو کورسیانە وەک خۆی ناوێرێ بڵێ بەشداری حکومەت دەکەم،لایەنە ئیسلامییەکان هەڵەن ئەگەر بڵێن بەشداری حکومەت بکەین دەنگمان کەم دەکات، چونکە پێویستی مێژووی بۆ دروستبوونی ئێو حزبانە لە کوردستان نەبوو، بۆیە ٣٠ ساڵە. گەشەیان نەکردووە، بەهەموو حزبە ئیسلامییەکان نەیانتوانیووە لە ٢٠%ی دەنگی خەڵکی کوردستان بهێنن، کەمبونەوەی دەنگی حزبە ئیسلامیەکان پەیوەندی بەبەشدارییان نەبووە لە حکومەت، خۆی مۆدێلی ئەو حزبانە نەماون لە کوردستاندا، پێویستی مێژووی بۆ دروستبونیشیان نەبوو، بەپێچەوانەوە ئەوان ئەگەر بتوانن بەشدار بن وەزارەتێک وەربگرن و نمونەیەکی جوان پێشکەش بکەن دەتوانن پیشانی خەڵکی بدەن کە ئەگەر دەسەڵات بگرنە دەست دەتوانن کاری جوان بکەن، ڕاستە پێشتر ئیسلامییەکان بەشداری حکومەتیان کرد بەڵام نەیانتوانی نمونەی جوانتر پێشکەش بکەن. نەوەی نوێش خوا بۆ ئەوەی داناوە ئۆپۆزسیۆن بێت، چونکە لەو حزبانەیە هیچ بەرنامەی نیە بۆ حوکمڕانی، تەنها ئیستغلالی سۆزی خەڵکی کردووە و ناڕەزایی خەڵکی قۆستۆتەوە، ئەگەرنا حزبێک سەرۆکەکەی٤٠ملیۆن قەرزاری حکومەت بێت، بانگەشەی دژ بە بنەماڵەیی بکات کەچی حزبەکەی خۆی بنەماڵەیی بێت، هەموو ڕۆژ خەڵک خۆپیشاندان بکەن و داوای پشکەخوراوەکانیان بکەنەوە ئیتر چی لێ چاوەڕوان دەکرێ بۆ حوکمڕانی!