بەپێی ژمارە فەڕمییەکان، عەرەبستانی سعودیە لە ساڵی 2024 دا زیاتر لە 300 کەسی لە سێدارە داوە، ڕۆژی سێشەممەش چوار کەسی دیکەی لە سێدارە داوە. نوێترین لە سێدارەدانەکان سێ کەسییان بەهۆی بازرگانیکردنەوە بووە بە ماددە هۆشبەرەکان و یەکێکی دیکەیان بەهۆی کوشتنەوە بووە، ئەمەش بەپێی دەزگای ڕاگەیاندنی سعودیە. بەم چوار کەسەوە لەم ساڵدا 303 کەس لە سعودیە لە سێدارە دراون. چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ئەو ژمارەیە " بێپێشینەیە " و بە نزیکەیی لە هەر ڕۆژێکی ساڵەکەدا کەسێک لە سێدارە دراوە. ڕەخنەگران دەڵێن لە سێدارەدانەکان پێچەوانەی بەڵێنەکانی سعودیەن بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سزای مەرگ. لە حاڵەتەکانی ئەم ساڵدا 103 حاڵەتی لە سێدارەدانییان بەهۆی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بوون، 113 هاووڵاتی بیانیش لە نێو ئەوانەدا بوون کە لە سێدارە دراون. ئەم زیادبوونی لە سێدارەدانانە بەو خێراییە دوای ئەوە دێت سعودیە کۆتایی بە وەستانێک هێنا لە سێدارەدانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە کە لە کۆتایی ساڵی 2022 دا واژۆی کرد. سەرەڕای ڕەخنە نێودەوڵەتییەکان، بە ڕەخنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە، بەرپرسانی سعودیە داکۆکی لە سزای مەرگ دەکەن و دەڵێن پێویستە بۆ پاراستنی یاسا و ڕێکی گشتی. بەڵام گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ژمارەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو بۆشاییە گەورەیەی کە هەیە لە نێوان لێدوانەکانی حکومەتدا بۆ خەڵکەکە و کارەکانی. سەرچاوە/ فرانس پرێس