زۆربەی ڕێکخراوە مرۆییەکانی جیهان هۆشداری دەدەن لە بارودۆخیکی دیکەی مرۆیی لە سوریا دوای ئەوەی گەلی سوریا لە ماوەی 13 ساڵی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا چەندین جار ڕووبەڕووی ئاوارەیی و کاولکاری بوونەوە. ئێستاش کە شاری حەلەب و ناوچەی شەهبا کەوتوونە ژێر دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکانی حەیات تەحریر شام، ملیۆنان کەس لەو ناوچانەی سوریا لە دۆخێکی خراپی مرۆییدان. هەر بۆیە کۆمیسیۆنی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات "گوێڕایەڵی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن و هاووڵاتیانی مەدەنی بپارێزن". ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕ و پێکدادانەکان زیادیان کردووە و مەترسی تەشەنەسەندنیان بۆ ناوچەکانی دیکەی وڵات هەیە. سەرۆکی کۆمسیۆن، پاولۆ سێرجیۆ پینهیرۆ ڕایگەیاند، "نابێت دڕندەیی ساڵانی ڕابردوو دووبارە ببێتەوە، ئەگەرنا سوریا بەرەو ئاڕاستەیەکی نوێی خراپتر دەبات". بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکای ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج، "نزیکەی 17 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، بەم دواییەش هەزاران کەسی دیکە لە لوبنان ئاوارە بوون". پەنابەرانی ناوچەی شەهبا و شاری حەلەب ڕوو لە ناوچە ئارامەکان دەکەن، بەتایبەتی لە تەبقە، کە دەڵێن سەرەڕای سەرمای زستان پێداویستییەکی کەمیان هەیە. ڕێکخراوە مرۆییەکانی جیهانی دەڵێن، پێویستە قۆناغێکی دیکەی خوێنڕشتن لە سوریا ڕابگیرێت. لەماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا ملیۆنان خەڵکی سوریا ئاوارە بوون، برینداربوون، لەبری ئەوەی کۆمەڵگاکانیان پەرەپێبدەن، پاشەکشەیان کردووە و ئێستاش بەهیوای ژیانێکی ئارامن بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ منداڵەکانیان. ڕاگەیاندراوەکەی ڕۆژی دووشەممەی یونیسێف لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکا پشتڕاستی دەکاتەوە کە، "لە 27ی ئەم مانگەوە زیاتر لە 48 هەزار و 500 کەس ئاوارە بوون کە زۆربەیان منداڵ و ژنن". زۆربەی ئەو منداڵانە چەندین جار بەهۆی قەیرانەکانی پێشووەوە ئاوارە بوون”. دوابەدوای نائارامییەکانی ئەم دواییەی باکوری ڕۆژئاوای سوریا، ئیدوارد بەیگبێدەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف دەڵێت، "لە سوریا منداڵان ڕووبەڕووی یەکێک لە سەختترین حاڵەتە لەناکاوەکانی جیهان بوونەتەوە، ئەم دۆخە بەهۆی شەڕی درێژخایەن، دووبارە ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی، داڕمانی ئابورییەوە دروست دەبێت". ، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، و بوومەلەرزە تێکدەر." بەیگبێدەر دەڵێت، منداڵانی سوریا شایستەی ژیانن بە ئارامی و ئاسایش و دەبێت بە هەموو هێزمانەوە کاربکەین بۆ پاراستنی ژیان و داهاتوویان.