هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی ڕێڕەوێكی سەڵامەت بۆئەو هاووڵاتیانەی كە پیشەیان كۆڵبەریە لە سنورەكانی نێوان عێراق و ئێران بەردەوامن بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ ئەم پرسە كۆدەبنەوە . ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانانی عێراق لە بەغدا ڕۆژی سێشەممە، 3ی مانگی 12 ی 2024 لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق كۆبوونەوە و پرسی دروستكردنی ڕێڕەوێكیان بۆ ئاڵوگۆڕكردنی كاڵاكانی كۆڵبەران لە نێوان هەردوو سنوری عێراق- ئێران تاوتوێكردووە، وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش، پێشنیاری ئەندامەكانی پەرلەمانی عێراقی وەرگرتووە. چرۆ حەمە شەریف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، " بەهۆی ڕووداوەكانی كوشتنی كۆڵبەران لە سنورەكانی عێراق لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی هەردوو وڵاتەوە و بۆ ڕێگری كردن لە كوشتن و برینداركردنیان، لەگەڵ فەریق سمكۆنازم بریكاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق كۆبووینەوە و داوامان كرد ڕێڕەوێك بۆ كۆڵبەرەكان لە سنورەكان دروست بكرێت،كە لە ژێر كۆنتڕڵدا بێت و سەڵامەتی گیانی كۆڵبەرەكانی تێدا پارێزراوبێت، بە ئامانجی ڕێگری كردن لە كوشتنیان و كۆنتڕۆڵكردنی جۆری كاڵا و شمەكەكان." ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی،" بریكاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پێشنیارەكەی بەهەند وەرگرتین و ئاماژەی بەوەكرد وەك وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە نزیكەوە ئاگاداری كاری كۆڵبەری سنورەكانن و لەگەڵ ئێران لە پەیوەندی بەردەوامدان بۆ ڕێكخستنی كاری كۆڵبەری، بەجۆرێك هەدوو ووڵات،ڕێگە نادەن كاڵای قاچاخ لەو ڕێگەوە ئاڵۆگۆڕ بكرێت و ئەو ڕووداوانەش كە ڕوو دەدەن چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە." سەبارەت بە ڕای ئێران لەسەر دروستكردنی ڕێڕەوەكە، چڕۆ حەمەشەریف وتی،" ئێمە لە دیوی عێراقەوە كارمان لەسەر ئەم بابەتە كردووە و دواتر ئەوە ئەركی دەستەی دەروازە سنوریەكانی عێراق و ئاسایشی سنورەكانە كە لەگەڵ ئێران تاوتوێی بكەن." بەهۆی هاوسنوری بەشێك لە پارێزگا و قەزاكانی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان كاری كۆڵبەری لە مەرزەكان دەكەن و بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان بەكاری كۆڵبەری دابین دەكەن. ئەمین حاجی زەڵمی چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" لە مانگی 8ی 2024 و مانگی 6 ی 2020 ، دوو كۆڵبەر لەسنوری ناوچەی هەورامان بە گولەی هێزەكانی ئاسایشی سنورەكان كوژراون،ئەمە لەكاتێكدایە هەموو ئەو كاڵایانەی كە ئاڵۆگۆڕیان پێدەكەن سەرجەمیان ڕسوماتەكانیان یاسایین و وەردەگیرێن." ئەو چالاكوانە وتیشی،" هەندێك لە كۆڵبەران كە دەستگیر دەكرێن، سوكایەتیان پێدەكرێت و بەتوندی ئەشكەنجە دراون، ئەوانەی كاری كۆڵبەری دەكەن لە هەردوو سنوری ناوچەی هەورامانن لە عێراق و ئێران بەهۆی بێكاری ونەبوونی كارەوە ئەو كارە قورسە پڕلە مەترسیە دەكەن، زۆرجار لە شەودا لەترسی هێزە كانی پاسەوانی سنور ئەوكارە دەكەن، تا نەبنە ئامانج." دەنگی ئەمەریكا بە مەبەستی زانینی، دواین ڕێنماییەكان لەسەر پیشەی كۆڵبەری پەیوەندی كرد بە هێزەكانی ئاسایشی سنورەكانی- عێراق بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكان بەردەست نەبوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە نیوەی یەکەمی 2024، 142 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان ، سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتەکانی تر کوژران و برینداربوون. لەم ژمارەیە، 36کۆڵبەر واتا کوژران و 142 کۆڵبەر برینداربوون كە 10 كۆڵبەریان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵیەوەیەوە.