زۆرێک لە ژنان لەکاتی سوڕی مانگانەیان، تووشی ئازارێکی قورس دەبن و نیشانەکانی خەمۆکی پێیانەوە دیار دەبێت، وەک گۆڕانی باری دەروونی و توڕەبوون لە کاتی سوڕی مانگانەیاندا. ئێستا توێژینەوەیەکی نوێ ئەوە ئاشکرا دەکات کە لە ڕاستیدا ڕەنگە پەیوەندییەکی بۆماوەیی لە نێوان ئازاری سوڕی مانگانە و خەمۆکیدا هەبێت. بۆ توێژینەوەکە، توێژەران زانیارییە جینییەکانی نزیکەی 600 هەزار کەسی بە ڕەچەڵەک ئەوروپایی و 8 هەزار کەسی ڕۆژهەڵاتی ئاسیایان پشکنین بۆ کردووە. بەپێی ئەو دۆزینەوانە کە لە 'بریفینگس ئین بایۆئینفۆرماتیک' (Briefings in Bioinformatics) بڵاوکراونەتەوە ئەوان چەندین جینیان دەستنیشان کردووە کە پێدەچێت ڕۆڵیان هەبێت هەم لە خەمۆکی و هەمیش ئازاری سوڕی مانگانەدا. لە شیکارییەکەدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی تووشی خەمۆکی بوون، ئەگەری تووشبوونیان بە ئازاری سوڕی مانگانە بە ڕێژەی لەسەدا 51 زیاترە. هەروەها توێژینەوەکە دەریخستووە بەتایبەتی ئەو کەسانەی خەمۆکی و بێخەوییان هەیە کە نیشانەیەکی باوی تێکچوونی باری دەروونییە، ئەگەری تووشبوونیان بە ئازاری سوڕی مانگانە 3 هێندە زیاترە لە چاو ئەو کەسانەی کە خەمۆکییان نییە. جان مۆرارۆس، نووسەری باڵای توێژینەوەکە کە مامۆستا و سەرۆکی بەشی زانستی زانکۆی شیان جیائۆتۆنگ-لیڤەرپوولە لە چین، گوتی " لە کەسانی تووشبوو بە خەمۆکی، گۆڕانکاری لە ئاستی هۆرمۆن و گواستەرە دەمارییەکان دەتوانێت کاریگەری لەسەر چۆنیەتی پرۆسێسکردنی ئازار لە جەستەدا هەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئازاری زیاتری سوڕی مانگانە لە ژناندا". چۆن بتوانین ئازاری سوڕی مانگانە لە کاتی تووشبوون بە خەمۆکی کەم بکەینەوە؟ دکتور عومەر گامووە، مامۆستای یاریدەدەری دەرمانناسی لە زانکۆی یارموک لە ئوردن دەڵێت "دۆزینەوە نوێیەکان ئەوە دەردەخەن کە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانەی ئەو کەسانەی خەمۆکی یان کێشەی خەوتنیان هەیە، ئەمەش بە گرتنەبەری هەنگاوەکان بۆ باشترکردنی تەندروستی دەروونی و خەوتنیان." سەرچاوە/Everyday Health Group