جەبار یاوەر: ڕەنگە لە داهاتوودا ئیسرائیل بنکە و بارەگا و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بە ئامانج بگرێت

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-07 16:50:25 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، گەر گروپە چەکدارە لاسارەکانی نێو حەشدی شەعبی بەردەوامبن لە مەترسی دروستکردن، ئەوە ئیسرائیل سەرکردە و بنکە و بارەگاکانیان لە داهاتوودا دەکاتە ئامانج. فەرماندەیەکی باڵای حەشدی شەعبیش ئەو هەواڵانە پشتڕاست دەکاتەوە کە مەترسی هەیە ئیسرئیل گورز لە سەرکردەکانیان بوەشێنێت. فەریقی یەکەم جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" حەشدی شەعبی هەمووی نا، هەندێک لە گروپی هەن نەک نەچوونەتە ژێر کۆنترۆڵی فەرماندەی گشتی هێزە چەکداریەکانی عێراق، بەڵکوهێشتا نەچوونەتە ژێر ڕکێفی فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبیش، بۆیە سەرئێشەیان بۆ عێراق دروستکردووە." وتیشی،" ئەو گروپانە لاسارن و پابەندنین و ڕەنگە گەر ئەم هەلو مەرجە وا بڕوات گورزیان بەربکەوێت، ئەوەشمان بیر نەچێت لەو کاتەوەی ئیسرائیل هەڕەشەی کردووە و سکاڵای کرد لە مەجلیسی ئەمن گروپەکان بێدەنگ بوون، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا بەرامبەر هاوپەیمانانان و لە ئەگەری دووبارە بوونەوە و بە ئامانجگرتنی بنکە و بارەگاکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا یان ئیسرائیل، ئەوە ئیسرائیل ناچار دەبێت حەشد بە ئامانج بگرێت." جەباری یاوەر، شارەزای بواری سەربازی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەو بڕوایەدانیم ئیسرائیل هەموو حەشد بە ئامانج بگرێت، بەڵکو تەنها سەرکردەکانی ئەو گروپانەی کە ناچنە ژێر ڕکێفی هێزە چەکداریەکانی عێراقەوە، دەشڵێت،" لە ئەگەری بەئامانجگرتنیان سەرکردەکان و بنکە و بارەگا و چەک و تەقەمەنیەکانیان دەبێت." لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەزە، بەرەی مەقامەومە کە گروپێکی دیاری نێو حەشدی شەعبیە و ناو بەناوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکەوە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئیسرائیل، بەوتەی بەرپرسانی سەربازی و تەنانەت خودی سەرکردەکانی حەشدی شەعبیش گروپی مەقاومە لەلایەن" ئێرانەوە" هاوکاری و پاڵپشتی دەکرێن و بڕیارەکانیان لە ژێر کۆنترۆڵی" ئێراندایە." بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، لەو کاتەوەی کە ئیسرائیل لە کاردانەوەکانی هێرشەکان هەڕەشەی کردنە ئامانجی ئەو گروپانەی کردووە کە بوونەتە مایەی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی، بەشێک لە سەرکردەکانی نێو حەشدی شەعبی لە عێراق شوێنی مانەوە و بنکە و بارەگاکانیان بەجێهشێتووە و چوونەتە شوێنێکی نادیار، وەک ئامادەکاریەک بۆ ئەوەی لەکاتی هەر هێرشێکی ئیسرائیل نەکرێنە ئامانج. فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی لەوەزارەتی بەرگری عێراق، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە کە مەترسی جیدی هێرشی ئیسرائیل هەیە بۆ سەر بنکە و بارەگا و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی. عەبدولڕەحمان جەزائیری، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە وەزارەتی بەرگری عێراق هاوکات یەکێکە لە سەرکردەکانی نێو چوار چێوەی هەماهەنگی کە نوری مالکی سەرۆکایەتی حزبەکە دەکات بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەڵێ هەڕەشەیەکی ئاشکرا هەیە لەسەر سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن ئیسرائیلەوە، کاتێک پرۆسەکانی غەزە و لوبنان دەستی پێکرد زیاتر لە جارێک وتمان سوریا ڕووبەڕووی هێرشی ناوخۆیی و دەرەکی دەبێتەوە و بەدووریشی نازانین پەل بکێشێت بۆ عێراقیش." وتیشی،" ئەمڕۆ لەلایەن ئیسرائیلەوە مەترسی هەیە لەسەر عێراق بەتایبەت لەسەر حەشدی شەعبی و ئاماژەی ڕوون هەیە کە زانیاری هەواڵگری دراوەی بە ئیسڕائیل بۆ لێدان لە حەشدی شەعبی و سەرکردەکانمان." چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە کۆنترۆڵکردنی ئەو گروپە چەکدارانەی لە دەرەوەی هێزەکانی عێراق و دەسەڵاتی گشتی هێزە چەکداریەکانی عێراقە و هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل کارێکی هەر وا ئاسان نیە. کاوە محەمەد، چاودێری سیاسی لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر گروپە چەکداریەکان بە دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند،" ئەم گروپانە هێندە گوێ لە ئێران دەگرن گوێ بە عێراق و بەرژەوەندییەکانیان نادەن، ئێرانیش ئەم گروپانە وەک سیاسەتی کێشە لەو دیو سنوری وڵاتەکەی بەکاردەهێنێت." وتیشی،" نەک بۆ بابەتی غەززە و لوبنان و عێراق، من بۆ خۆم پێموایە ئەوەی کە وادەکەن کە ئەم دۆخە هێور ببێتەوە یا بەرەو گرژی زیاتر بچێت پەیوەندی هەیە بە گفتوگۆکانی پشت پەردەی نێوان ئێران و ئەمەریکا، تەنانەت هەندێکجار ئەم گفتوگۆیانەش بەڕاستەوخۆ دەکرێن، ئێران هەمیشە ئەم گروپانە وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت کە بڵێت ئێران دەتوانێت لە ڕێگای ئەم گروپانەوە هێرش بکاتە سەر ئیسڕائیل، بۆیە ئەگەر عێراق بە بەرنامەیەکی نیشتمانی کارنەکات دوور لەبەرچاوگرتنی ئەمنی قەومی ئەم وڵات و ئەو وڵات ئەوا کاری ئەو گروپانە زیانی زۆری دەبێت بۆ سەر عێراق." شارەزایانی سەربازیش پێیان وایە عێراق هەموو هەوڵێک دەدات نەبێتە بەشێک لە ململانێکان بۆ ئەوەی لە دوایی شەڕی سوریا پریشکی ئاگرەکە بەرۆکی نەگرێت. جەبار یاوەر، شارەزای سەربازی، ڕاشیگەیاند،" عێراق لەهەوڵدایە نەچێتە نێو ئەو ململانێی کە هەیە، بەڵام هەندێک گروپ هەیە لە عێراق کە ناوی خۆیان ناوە گروپی مەقامەی ئیسلامی وەک ئەوانەی کە لە لوبنان و سوریا و یەمەنن، ئەوانە زۆرجارناچنە ژێر فەرمانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەوانە ئەبنە هۆکاریک بۆ پەلکێشکردنی ئەو کێشانە بۆ ناوخۆی عێراق."