ترامپ بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی کردنەوەی کڵێسای نۆتردام دەگاتە پاریس

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-07 19:55:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی شەممە گەڕایەوە سەر سەکۆی جیهانی و لەگەڵ سەرکردەکاندا بەشداری دەکات لە دووبارە کردنەوەی كاثێدڕاڵی نۆتردام لە پاریس، ترامپ هێشتا هاووڵاتییەکی تایبەتە بەڵام دەستیکردووە بە کارەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی نێودەوڵەتیدا. ئەمە یەکەم گەشتی دەرەوەی ترامپە دوای ئەوەی مانگێک لەمەوبەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا سەرکەوتنی بە دەستهێنا و ڕەنگە دەرفەتێکیش بێت بۆ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بۆ بینینی ڕۆڵێکی نێوەندگر لە نێوان ئەوروپا و ترامپدا. ترامپ ڕۆژی شەممە گەیشتە فڕۆکەخانەی پاریس ئۆرلی و دواتر سەردانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکای کرد کە دەکەوێتە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنساوە. ترامپ و ماکرۆن کۆدەبنەوە و هیچ ئەجێندایەک بۆ گفتوگۆکان نەخراوەتەڕوو. سەرکردەکانی ئەوروپا نیگەرانی ئەوەن کە ڕەنگە ترامپ یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا ڕابگرێت، لە کاتێکی هەستیاری جەنگەکەدا کە ئۆکرانیا هەوڵ دەدات بەرپەرچی هێزەکانی ڕووسیا بداتەوە. ماکرۆن بە توندی پشتیوانی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و شەڕەکەی ئۆکرانیا دەکات، هاوکات ترامپ پێی وایە وڵاتانی ئەوروپا پێویستە سەرنجی زیاتر بدەن بە بەرگرییە هاوبەشەکەیان و گفتوگۆیەک پێویستە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ئۆکرانیا. ترامپ لەگەڵ دەیان سەرکردەی جیهان و شاندە بیانییەکاندا بەشداری لە مەراسیمی دووبارە کردنەوەی کاثێدڕاڵی نۆتردام دەکات لە پاریس، دوای چەند ساڵێک لە سوتانی کاثێدڕاڵەکە. لە کاتێکدا کە ترامپ لە 20 ی مانگی یەکەوە دەبێتە سەرۆکی ئەمەریکا، بەڵام لە ئێستاوە دەستیکردووە بە قسەکردن لەگەڵ چەندین سەرکردەی جیهانیدا، ئەندامانی تیمەکەشی هەوڵدەدەن بە خێرایی کار لەسەر قەیرانەکانی جیهان بکەن، بە ئۆکرانیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ترامپ مایک واڵتز و نوێنەری ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا کیث کێڵۆگ ڕۆژی چوارشەممە لە واشنتن لەگەڵ نوێنەری ئۆکرانیا ئاندرێ یەرماکدا کۆبوونەوە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز