سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە شاری غازی عەنتاب کە میوانداری سەدان هەزار پەنابەری سووری دەکات، وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی ئێستا ڕاستییەکی نوێ هەیە لە سوریادا و خوشک و برا سوورییەکانمان شایەنی ئازادی و ئاسایش و ئارامین لە خاکەکەیاندا. تورکیا لە شەڕی ناوخۆی سوریادا پشتیوانی لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کردووە و چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر هێزە کوردییەکان کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت. ئەردۆغان وتیشی باشترین ڕێگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا ئەوەیە کە " کارەکتەرە بەرپرسەکان و سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان " پشتیوانی لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سوریا بکەن. نیگەرانی سەرەکیی تورکیا بوونی هێزەکانی سوریای دیموکراتە لە باکووری سوریا کە لەلایەن کوردەکانەوە ڕابەرایەتی دەکرێت و ئەمەریکا پشتیوانی لێدەکات. لێدوانەکانی ئەردۆغان لە کاتێکدا بوون کە گروپە یاخیبووە چەکدارییەکان چوونە ناو شاری حومسەوە، ڕێگەیەکییان کردەوە بەرەو دیمەشق. ئەردۆغان لە وتارێکدا هەروەها وتی " ئێستا ڕاستییەکی نوێ هەیە لە سوریادا، لە ڕووی سیاسیی و دیبلۆماتیشەوە. سوریاش موڵکی سوریاییەکانە بە هەموو نەژاد و خێڵ و ئایینەکانەوە." وتی " گەلی سوریا ئەوانەن کە بڕیار لەسەر داهاتووی وڵاتی خۆیان دەدەن." ئەنکەرە چەندین ساڵە پشتیوانی لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکات بۆ دوورخستنەوەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد کە لەلایەن ئێران و ڕووسیاوە پشتیوانی لێدەکرێت. وتیشی " وەکو تورکیا، ئێمە هیوای گەڕانەوەی خێرای ئاشتی و سەقامگیری و هێمنی دەکەین بۆ سوریای دراوسێمان کە ماوەی 13 ساڵە بە ئاواتییەوەیەتی." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز