کەناڵی هەواڵی سی ئێن ئێن سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بە کاتی سوریا ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی بەشار ئەسەد پێدەچێت چووبێتنە ناو دیمەشقەوە و دەنگی تەقەی قورس بیستراوە. دانیشتوویەکی دیمەشق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، بوونی یاخیبووانی لە گەڕەکی بەرزە پشتڕاست کردوەتەوە و ڕایگەیاندوە کە گوێی لە دەنگی تەقەی قورس بووە. هاوکات دوو ئەفسەری باڵای سوریا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا دیمەشقی بەرەو شوێنێکی نادیار بەجێهێشتووە. ڕۆیتەرز هەروەها لە زاری دوو دانیشتووی ناوەندی دیمەشقەوە ڕایگەیاندووە کە دەنگی تەقە بیستراوە و نوسیوێتی "تا ئێستا سەرچاوە و شوێنی تەقەکردنەکە نادیارە". یاخیبووان ڕایانگەیاندووە، چوونەتە ناو دیمەشق و بەدوای بەشار ئەسەددا دەگەڕێن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی سی ئێن ئێن، هێزی تایبەتی یاخیبووان لە "شوێنە ستراتیژییەکان"ی پایتەخت جێگیر کراون. دانیشتوویەکی شاری دیمەشق بەو ئەم کەناڵە هەواڵییەی ڕاگەیاندووە کارەبا پچڕاوە، خێرایی ئینتەرنێت زۆر لاواز بووە و خەڵک لە ماڵەکانیاندا ماونەتەوە. هەروەها یاخیبووان دەڵێن هێزەکانی حکومەت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقیان بەجێهێشتووە و ئەندامانی پاسەوانی کۆمارییەکانیش لە گەڕەکی مالیکی هەڵاتوون کە ماڵی بەشار ئەسەدی لێیە.