ترامپ دەڵێت ڕووسیا دەستبەرداری بەشار ئەسەد بوو

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-08 17:25:25 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە وتی دەستبەرداربوونی ڕووسیا لە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بووە هۆی ڕووخانی ئەسەد، وتیشی مۆسکۆ دەبووایە هەرگیز لە سەرەتاوە ئەسەدی نەپاراستایە و دواتر بەهۆی جەنگەکەوە لە ئۆکرانیا بەلایەوە گرنگ نەما، جەنگەکەی ئۆکرانیا دەبووایە هەرگیز دەستی پێنەکردایە. ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث نوسیویەتی " ئەسەد نەما. لە وڵاتەکەی هەڵات. پارێزەرەکەی، ڕووسیا، ڕووسیا، ڕووسیا، بە سەرکردایەتی ڤلادیمیر پوتن، چیتر گرنگی نەدا بە پاراستنی. ڕووسیا و ئێران لە ئێستادا لە دۆخێکی لاوازکراودان، یەکێکییان بەهۆی ئۆکرانیا و ئابوورییەکی خراپەوە، ئەوی دیکەیان بەهۆی ئیسڕائیل و سەرکەوتنی لە شەڕەکاندا." وتیشی " هەر لە سەرەتاوە هیچ هۆکارێک نەبوو بۆ ڕووسیا تاوەکو لەوێ بێت. بەهۆی ئۆکرانیاوە چیتر گرنگییەکەیان نەما بۆ سوریا.. جەنگێک کە دەبووایە هەرگیز دەستی پێنەکردایە و دەکرێت تا هەتایە بەردەوامیش بێت." ترامپ کە پێشتر وتوویەتی هەوڵ دەدات جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بە خێرایی ڕابگرێت، ڕۆژی شەممە لە پاریس لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆبووەوە، کە لەوێ هەردووکیان ئامادەی مەراسیمی دووبارە کردنەوەی کاثێدڕاڵی نۆتردام بوون. وتی ڕووسیا و ئۆکرانیا هەردووکییان سەدان هەزاران سەربازییان کوژران و بریندار بوون، ئۆکرانیاش ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی سڤیلی لە دەستداوە. وتیشی زێلێنسکی " ئارەزووی ڕێککەوتنێکی هەیە و حەز دەکات ئەم شێتییە بوەستێت. دەبێت ئاگربەستێکی دەستبەجێ هەبێت و گفتوگۆکان دەستپێبکەن." وتی " ڤلادیمیر بە باشی دەناسم. ئێستا کاتی ئەوە بۆ کارکردن. چین دەتوانێت یارمەتی بدات. جیهان چاوەڕێ دەکات." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز