حکومەتی عێراق بەیاننامەیەکی فەرمی سەبارەت بە پێشهاتەکانی سوریا بڵاوکردەوە و تیایدا تیشک دەخاتە سەر پێویستی ڕێزگرتن لە ئیرادەی ئازادی هەموو سوریاییەکان و گرنگی ئاسایشی سوریا و یەکپارچەیی خاکی سوریا و پاراستنی سەربەخۆیی وڵاتەکە. وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق باسم ئەلعەوادی لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا دەڵێت "حکومەتی عێراق چاودێری پێشهاتەکان و دۆخی سوریا دەکات، هەروەها بەردەوامە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست، بە مەبەستی چالاکترکردنی هەوڵەکان بەرەو سەقامگیری، و پاراستنی ئاسایشی گشتی و ژیان و موڵکی خەڵکی سوریا." عەوادی دەشڵێت "عێراق جەخت لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە ئیرادەی ئازادی هەموو سوریاییەکان دەکاتەوە، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاسایشی سوریا و یەکپارچەیی خاکەکەی و پاراستنی سەربەخۆیی ئەو وڵاتە لە ڕادەبەدەر گرنگن، نەک تەنها بۆ عێراق، بەڵکو پەیوەندی بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەوە هەیە." حکومەتی عێراق لە بەیاننامەکەیدا دەشڵێت " پاڵپشتی هەموو هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان دەکات کە هەوڵی لێک نزیک کردنەوەی گفتوگۆکان دەدات لە گۆڕەپانی سوریا بە هەموو مەزهەب و ڕەوتەکانیەوە، و بەگوێرەی ئەوەی کە بەرژەوەندی گەلی برای سوریامان دەیخوازێت، و دەبێتە هۆی پەسەندکردنی دەستوورێکی فرەیی کە مافەکانی مرۆڤ و مافە سڤیلییەکانی سورییەکان بپارێزێت، و پشتگیری لەو هەمەچەشنی کولتوور و ئاینییە بکات کە گەلی سوریا دەیخوازێت." دوابەدوای پێشکەوتنی خێرا و ئاسانی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە هەفتەی ڕابردوو و دەستبەسەرداگرتنی شارەکانی حەلەب، حومس و دەرعا، ڕۆژی یەکشەممە بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی بەرنگارییەکی قورسی هێزەکانی حکومەت ببنەوە، توانیان بگەنە دیمەشقی پایتەختی سوریا. بە چوونی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناو دیمەشق و هەڵاتنی بەشار ئەسەد لە سوریا، دەسەڵاتی پەنجا و سێ ساڵەی بنەماڵەی "عەلەوی" ئەسعەد لەو وڵاتەشدا کۆتایی هات.