وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای پاراستنی کورد لە سوریا دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-08 21:40:25 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، دوای ڕووخانی ڕژێمی سوریا پێویستە کوردەکانی سوریا لە هێرشەکان بپارێزرێن. گیدیەن سەعار لە پێگەی ئێکس ڕایگەیاند لە وتووێژێکدا لەگەڵ هاوتاکەی لە کۆماری چیکەوە جەختی لە ئاسایش و پاراستنی کوردەکانی سووریا کردووەتەوە. سەعار هەروەها ڕایگەیاند کە "کورد قارەمانانە شەڕی داعشی کرد و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاراستیان لە هێرشی توندڕەوە ئیسلامییەکان مسۆگەر بکات". ڕاگەیاندنەکەی ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەردەوامن لە هێرشەکانیان دژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە مەنبەج و ناوچەکانی دیکە. کاتێک سەعار لە مانگی ڕابردوو وەک وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەستبەکار بوو، ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لەو کارانەی کە پێویستە ئیسرائیل بیکات، بەهێزکردنی هاوپەیمانییەتی لەگەڵ کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دوای ڕووخانی ڕژێمی سوریا لە دیمەشق، ڕۆژی یەکشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی دیکەی حکومەتەکەی سەردانی ناوچەی بەرزاییەکانی جۆلانیان کرد. لەوێدا ئاماژەی بەوەدا کە هەموو ئامادەکارییەکانیان بۆ پاراستنی سنووری ئیسرائیل لەگەڵ سوریا دەکەن.