سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم ڕادەگەیەنێت، هەتا ئێستا گەندەڵی هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر کوردستان و عێراق و دەشڵێت ئەو دۆسیانەی لای ئێمەیە لەسەر گەندەڵی ژمارەی ڕاستی نین و بۆ ئەوەی وڵات پێش بکەوێت دەبێت هەموو لایەک ڕووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە. وتەکانی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بوو بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر ، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند،" تا ئێستا گەندەڵی لە کوردستان و عێراق هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر پرۆسەی حکومڕانی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان، سەرەڕای هەوڵەکان هەتائێستا عێراق لەنێوان 20 تا 25 هەمین وڵاتانی گەندەڵکاردایە و زۆرترین گەندەڵی تێدایە." وتیشی،" ماوەی هەشت ساڵە ئێمە داوای دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند دەکەین بۆ کەیسەکانی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان تا بەخێرایی دۆسیەکان یەکلابکرێنەوە، بەڵام نەکراوە ئێمە ڕەشنوسی یاسایەکمان هەیە و بۆ هەموار کردنەوە چووەتە پەرلەمان، بەو ئەم خولەی پەرلەمان لە داهاتوودا هەمواری یاساکە بکاتەوە تا بتوانرێت دادگاکە دابمەزرێت." سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیهانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئاماری کاروچالاکیەکانی 11 مانگی ڕابردووی دەستەکەیانی خستە ڕوو کە توانیویانە 207 دۆسیەی گەندەڵی ڕەوانەی دادگاکان بکەن و لەو ژمارەیەش 27 دۆسیەیان یەکلایی کراوەتەوە و ژمارەیەک دۆسیەشیان هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و دادگایکردندان. دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم ڕاشیگەیاند،" لەسەرەتای ئەمساڵەوە 573 دۆسیەی سزایی و 221 دۆسیەی هەواڵدەریی لەسەر گەندەڵی و بابەتەکانی دیکە ئاراستەی دادگای تایبەتمەندی دەستپاکی کراون، لەکۆی گشتی ئەو دۆسیانەش 223 داوای سزایی لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی دەستپاکیەوە لێکۆڵینەوەیان لێ دەکرێت." وتیشی،" کۆی ئەو داوایانەی جۆری سزایی و هەواڵدەرین ولەلایەن فەرمانگەی لێکۆڵینەوە ئاراستەی دادگای تایبەتمەندکراون گەیشتووەتە 1047 دۆسیە و لەنێو دۆسیەکانی گەندەڵی و بەهەدەرداندا، زیاتر لە 100 دۆسیەی پلە باڵای تێدایە کە لە وەزیر و بڕیکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی پێکهاتوون و ڕەوانەی دادگاکان کراون بۆ لێکۆڵینەوە و یەکلایکردنەوەیان، ئەو دۆسیانەی کە کاریان لەسەر کراوە بریتین لە بەهەدەردانی موڵکی گشتی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بەرتیل وەرگرتن." بەپێی یاسایی سزادانی عێراقی هەر کەسێک یەکەمجاری بێت کە بەگەندەڵی تیوەگلابێت ئەوە دەتوانرێت سزاکەی لەزیندانیکردنەوە بۆ بکرێت بە پێی بژاردن یاخود ڕاگرتنی سزاکەی، گەر هاتوو لەماوەی سێ ساڵدا تاوانی ئەنجامدا ئەوە دوای دایدگایکردنی سزای یەکەمیشی بەسەردا جێ بەجێ دەکرێت. ڕێکخراوی ستۆپ لە هەرێمی کوردستان ساڵانە چاودێری کارەکانی حکومەت و پەرلەمان دەکات، ڕێکەری ڕێکخراوەکە ڕایدەگەیەنێت، ئەو فاکتەرانەی کە بوونەتە هۆکاری بەربڵاوبوونەوەی گەندەڵێ لە هەرێمی کوردستان نەبوونی یاسای بودجە و نەبوونی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و زۆر بابەتی دیکەیە. فەرمان ڕەشاد، ڕێکخەری بۆردی ڕێکخراوی ستۆپ بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە پێنج ساڵە یاسایی بودجەمان نیە کە یاسای بودجە دەبێت داهات و خەرجیەکانی دیاریبکات کە ئێمە لە هەرێم نیمانە، هەروەها ناشەفافیەت لە خەرجی و داهات هەیە کە ئەمە ڕێگەخۆشکەرە بۆ خراپ بەکارهێنان و گەندەڵی." وتیشی،" ماوەی دوو ساڵە سەرۆکی دیوانی چاودێری داراییمان نیە کە دیوانی چاودێری دارایی یەکێکە لەو دەزگایانەی کە دەبێت لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکات لە بابەتی گەندەڵی دارایی، هەروەها سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ماوەی چەند ساڵێکە ماوەی یاسایی بەسەرچووە، لەهەمانکاتدا ماوەی دووساڵ پەرلەمانمان نەبوو کە بە ئێستاشەوە کە لە بۆشایی پەرلەمانداین و حکومەتیشمان کار بەڕێکەرە، بۆیە لەڕووی دامەزراوەیەوە هەرێمی کوردستان لاوازە، ئەمە وا دەکات کە بڵێن کە وا گەندەڵی لە هەرێم دەرفەتی گەشەکردنی زۆرە." چاودێران، گەندەڵی لە تیرۆر زیاتر بەمەترسی دەزانن و دەڵێن گەر چارەسەر نەکرێت ئەوە ڕەگ و ڕیشەی حکومەتداری لە ڕیشە دەردەهێنێت. فەرمان ڕەشاد، ڕێکخەری بۆردی ڕێکخراوی ستۆپ، ڕاشیگەیاند،" لە پێنج ساڵی ڕابردوو 367 دۆسیە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان یەک لاکراوەتەوە لەم ڕێژەیەش تەنها 178 کەس سزادراون، واتا کەمتر لە نیوە ئەوانەشی سزا دراون تەنها یەک وەزیری پێشووی تێدابووە کە ئەویش بە ئامادەنەبووی سزادراوە لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی وڵات بووە و تەنها یەک بریکاری وەزیری و 4 بەڕێوەبەری گشتی و ئەوانی تر کەسانی ئاسایی بوونە." وتیشی،" نەمانبینوە پلە باڵاکان سزای خۆیان وەربگرن، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە دادگاکان تەواو سەربەخۆنین لە بڕیارەکان، یان کار ئاسانیان بۆ دەکرێت لە داخستنیان یاخود بۆ کاتێکی زۆر دۆسیەکانیان دوادەخرێت و یەکلا ناکرێنەوە."