ئەنەكەسە و تەڤدەم بۆ KDP: نزیكبوونەوەی باش لە نێوانماندا هەیە

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- لە ئێستادا ئەنەكەسە و تەڤدەم هەوڵی نزیكبوونەوە لە یەكدی دەدەن، سەرۆك و هاوسەرۆكەكانیشیان، وردەكارییەكان و بەرەپێشچوونەكانی نێوانیان تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرا دەكەن.

سعوود مەلا، سەرۆكی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا "ئەنەكەسە" دەڵێ: "ئەمەریكییەكان و سەرۆكی هەرێـم نێجێرڤان بارزانی و مەزڵووم كۆبانی لەسەر خەتن بۆ ئەوەی ئێمە و تەڤدەم لە رۆژئاوای كوردستان رێكبكەوین".

سعوود مەلا، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تەنیا داواكارییمان لە پەیەدە كردووە كە ئەندام و لایەنگرە دەستگیركراوەكانمان ئازاد بكەن بۆ ئەوەی خاڵی متمانە لە نێوانماندا بەهێز بێ، بەڵام ئەوان وەڵامی باشیان پێ نییە و بیانوو دێننەوە".

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، زانیویەتی كە ئەنەكەسە و پەیەدە لەسەر دەستپێشخەریی نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم كۆبانی و لە ژێر چاودێریی ئەمەریكییەكاندا و دوور لە چاوی میدیاكان پێش هەفتەیەك لە بارەگایەكی هێزە ئەمەریكییەكاندا لە حەسەكە كۆبوونەتەوە، لەو بارەیەوە سعوود مەلا گوتی: "راستە كۆبووینەتەوە و ئەمەریكییەكان بە ڕاشكاوانە بە هەردووكمانیان گوت (رێكبكەون)".

سەبارەت بەوەی كە ئایا هیوایەكیان هەیە كۆبوونەوەكەیان ئەنجامێكی هەبێ، ئەو گوتی: "ئێمە جیددین و دیارە كە پێشتر لە رێككەوتنەكانی دهۆك ١ و هەولێر ١ و ٢ چەند پابەند بووین، بەڵام لایەنی دووەم پابەند نەبوون، وەلێ ئێستا ئەوەی دەمێنێتەوە ئاخۆ ئەمەریكییەكان چەند جیددین لەسەر رێككەوتنەكانمان و ئێمەش چاوەڕوانی وەڵامی ئەمەریكییەكانین".

هاوكات، غەریب حەسۆ، هاوسەرۆكی تەڤگەری كۆمەڵگای دیموكراتیك (تەڤدەم)، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "هەوڵ و نیازی نزیكبوونەوەمان هەیە و ئێستا لە قۆناغی دەستپێكی دانوستانەكانداین".

حەسۆ گوتیشی: "بەهیواین ئەو دانوستانانە بگەنە ئامانج و دەبێ نیەتی باشمان هەبێ و هەردووكیشمان هەست بە بەرپرسیارێتی بكەین، بۆ ئەوەی گەلەكەمان بگاتە ئامانج، بۆیە پێویستە بە زوویی رێكبكەوین، ئێستاش نامەوێ بچمە نێو هەموو وردەكارییەكان، بەڵام نزیكبوونەوەی باش لە نێوان پەیەدە و ئەنەكەسەدا هەیە".

 

كــاروان بــاعەدری