ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا دوێنێ دووشەممە11 چەکداری هێزەکانی سوریای دیموکراتیکی کوشتووە. ڕوانگەکە ڕایگەیاند، هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی تورکیا لە بەرەیەکی نزیک پردی قەرەقۆزاق کە کۆبانی و مەنبەج بەیەکەوە دەبەستێتەوە ئەنجامدراوە. بەپێی ڕاگەیاندنەکەی ڕوانگە، کە پشت بە تۆڕێکی چالاکوانانی نێو سوریا دەبەستێت، ئەمڕۆ لە نزیک پردی قەرەقۆزاق، شەڕو پێکدادانێکی قورس لە نێوان هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی منبج و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ڕوویداوە. ڕزوان بێزار، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە کۆبانێ ڕایگەیاند شەڕو پێکدادانەکە لەنزیک پردەکە بەردەوامە و چەندجارێک هەوڵی ئەوە دراوە پردەکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە ببەزێنرێت، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبجەوە بەرگری کرا. ڕزوان بێزار باس لە ڕەوشی شاری کۆبانێش دەکات کە نزیکەی 25 کیلۆمەترێک لەو پردەوە دوورە، و دەڵێت فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا دوو جار دەوروبەری کۆبانێیان کردووەتە ئامانج کە جارێکیان گردی مشتەنور بوو جاری دووهەمیش گردی قەرەبەرکەل. ڕزوان کە لە ناوەڕاستی شاری کۆبانێوە ڕاپۆرتەکەی ناردووە دەشڵێت ڕەوشی شارەکە ئارامە و هاتووچۆی خەڵکی سیڤیل ئاساییە. بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات خەڵکی نیگەرانییەکی زۆریان هەیە و نازانن چی ڕوودەدات. سەبارەت بە مەنبجیش دەڵێت ڕەوشی مەنبج نائارامە و ژمارەیەک گەنجی کورد دەستگیرکراون. جێی باسە مەنبج کە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا بوو، ئێستا کەوتووەتە ژێر دەستی چەکدارەکانی سەر بە تورکیا. بە پێی ڕاپۆرتەکانی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سەرەتای ساڵی 2024وە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا 197 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامداوە. بە پێی ئەو ڕاپۆرتانە، لە هێرشەکانی تورکیادا 87 کەس کوژراون. مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە دوای چوونە ناو شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا ڕایگەیاند، دۆخێکی نوێی سیاسی و سەربازی لە سوریا سەریهەڵداوە. عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت کێشەکان بە گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەک چارەسەر بکەن، بە تورکیاشەوە. هەسەدە کە لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) سەرۆکایەتی دەکرێت، هاوبەشێکی سەرەکی ئەمەریکایە لە شەڕی دژی داعش لە سوریا. زۆرینەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە. سەرچاوە: سۆهر، دەنگی ئەمەریکا