ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕۆژی چوارشەممە داوای لە ئیسرائیل و تورکیا کرد قۆناغی گواستنەوەی ئاشتیانە لە سوریا نەخەنە مەترسییەوە. بایربۆک لە بەرلین ڕایگەیاند" نابێت ڕێگە بدەین پڕۆسەی دیالۆگی ناوخۆیی سوریا هەڕەشەی دەرەکی لەسەربێت. دراوسێکانی وەک تورکیا و ئیسرائیل کە باس لە بەژەوەندییە ئاسایشییەکانی خۆیان دەکەن، نابێت پرۆسەکە بخەنە مەترسییەوە." بەگوێرەی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە، ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە سەربازییەکان، لە کۆگاکانی چەکەوە بگرە تا کەشتییە دەریاییەکان، لە سوریا. هەروەها ئیسرائیل هێزەکانی خۆی لە ناوچەی دابران کە لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندایە جێگیر کردووە. لە هەمانکاتدا تورکیا بە ئامانجی فراوانکردنی پێگەی خۆی لە سوریا باس لەوە دەکات کە مەترسی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک هەیە. لەدوای شکستی ئەسەدەوە گرووپەکانی سەر بە تورکیا هێرش دەکەنە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی (هەسەدە). هەسەدە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، لە ڕێگەی نێوەندگیری ئەمەریکاوە لەگەڵ چەکدارانی سەر بە تورکیا گەیشتوونەتە ئاگربەست لە مەنبەج. بایربۆک ئاماژەی بەوەش کرد "سەردەمی نوێ"ی سوریا هێشتا هێشتا لە داڕشتندایە و گوتیشێ "نە دەرئەنجامی شۆڕشەکە ڕوونە، نە گەل سەرکەوتوو بووە لە بەدیهێنانی سوریایەکی ئازاد و ئاشتیانە". ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئێستا هەوڵبدەین پشتیوانی لە ڕووداوە ئەرێنییەکان بکەین لە سوریا و ڕێگری لە کاریگەرییە نەرێنییەکان بکەین، ئەمەش بەو مانایەیە کە پرۆسەیەکی گفتوگۆ بە سەرکردایەتی سوریا پێویستە، کە ئێمە وەک ئەوروپایی و ئەڵمانییەکان پشتیوانی لێدەکەین. بایربۆک گوتیشی نابێت "سوریا جارێکی تر ببێتە یارییەک لە دەستی زلهێز و سوپا بیانییەکان." سەرچاوە: فرانس پرێس