لە هێرشێکدا لە ئەفغانستان وەزیرێکی تاڵیبان دەکوژرێت

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-11 20:50:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک، ڕۆژی چوارشەممە لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان، وەزیری کاروباری پەنابەرانی حکومەتەکەی تاڵیبان، خەلیل ئەلڕەحمان حەقانی و چوار یاریدەدەری کوژراون. سەرچاوەکانی تاڵیبان ڕایانگەیاند تەقینەوە "خۆکوژیەکەی" پاشنیوەڕۆ کە لە ناو باڵەخانەی وەزارەتەکە لە پایتەختی ئەفغانستان، ڕوویدا لە کاتێکدا بوو کە حەقانی لە ئۆفیسەکەی دەردەچوو. بە پێی ڕاپۆرتەکان چەند کەسێکی تریش بریندار بوون. دەستبەجێ هیچ کەس یان ڕێکخراوێک بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی  لە ئەستۆ نەگرتووە، کە یەکێکە لە هێرشە هەرە بەرچاوەکان بۆ سەر سەرکردە توندڕەوەکانی تاڵیبان لە دوای گەڕانەوەیان بۆ سەر دەسەڵات لە مانگی هەشتی ساڵی 2021وە. وتەبێژی تاڵیبان، زەبیحوڵا موجاهید، کوشتنی حەقانی پشتڕاستکردەوە و بە "شەهید" ناودێری کرد. گوتیشی هێرشەکە لەلایەن "خەواریج" ئەنجام دراوە کە دەستەواژەیەکە لەلایەن سەرکردەکانی دیفاکتۆری حکومەتەکەی تاڵیبان بۆ ڕێکخراوی دەولەتی ئیسلامی لە خوراسان یان داعش بەکاری دەهێنن. موجاهید وردەکاری زیاتری لەبارەی ڕووداوەکەوە نەخستەڕوو، هەروەها باسی لە زیانی گیانی دیکە شێوازی هێرشەکەش نەکرد. گوتەبێژەکەی تالیبان گوتیشی "ئەم کردارە قێزونانە کرداری ترسنۆکانەیە، کە بە شەهیدبوون لەسەر دەستی خەواریجەکان دەگاتە لوتکە، نە ئیرادەی موسڵمانان کەمدەکاتەوە و نە سەرکەوتوو دەبێت لە تێکدانی خۆڕاگریی حوکمڕانییە بەهێزەکەی ئێمە کە لەسەر بنەمای شەرعەتە." خەلیل ئەلڕەحمان حەقانی سەرپەرشتیکردنی گەڕاندنەوە و نیشتەجێکردنی پەنابەرانی ئەفغانستانی لە ئەستۆ بووە، بە پلەی یەکەم ئەوانەی لە پاکستان و ئێرانی دراوسێوە دەنێردرێنەوە. ماڵپەڕی پاداشتەکانی ئەمەریکا بۆ دادپەروەری، نێوی حەقانی وەک تیرۆریستێکی جیهانی تێدایە و 5 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات تەرخان کرووە ئەو زانیاریانەی کە ببنە هۆی دەستگیرکردنی. بە پێی ماڵپەڕی پاداشتەکانی ئەمەریکا بۆ دادپەروەری "خەلیل بە فەرمانی سیراجدین حەقانی برازای خۆی ئۆپەراسیۆنی بۆ تاڵیبان ئەنجامداوە" و دەشڵێت " ەناوی ئەلقاعیدە (AQ) مامەڵەی کردووە و پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی ئەلقاعیدەوەهەبووە". حەقانی گەورە بە ئەندامێکی سەرەکی تۆڕی حەقانی دادەنرا، کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانییە و لەلایەن ئەمەریکاوە دەستنیشانکراوە و لەلایەن سیراجدین حەقانی برازایەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و وەک وەزیری ناوخۆی تاڵیبان بە شێوەیەکی دیفاکتۆ کاردەکات. ئەو بەهۆی ئەو چالاکییە تیرۆریستییەی کە گوایە ئەنجامیداوە، 10ملیۆن دۆلار خەڵات پێشکەش کراوە بۆهەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی. ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان ئیدانەی هێرشەکەی کرد و ڕایگەیاند، حکومەتەکەی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کابول بۆ دڵنیابوون لە وردەکاری زیاتر. دار لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێکد دەڵێت " ئێمە توشی شۆک بووین بە گیان لەدەستدانی خەلیل ئەلرەحمان حەقانی وەزیری ئەفغانستان بە وەکالەت و لەدەستدانی ژیانی بەنرخ لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستی ئەمڕۆ لە وەزارەتی پەنابەرانی ئەفغانستان لە کابول." ڕاپۆرتی ئەیاز گول لە ئیسلامئاباد