بایدن یاداشتێکی ئاسایشی بۆ ترامپ ئامادە دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هاوکارییەکانی ئێران، ڕووسیا، چین و کۆریای باکوور

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-11 23:45:26 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە،11ی مانگی دوازدە ڕایگەیاند جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا پێش گەڕانەوەی دانۆڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی، یاداشتێکی نوێی ئاسایشی نیشتمانی پەسەند کردووە کە دەتوانێت ببێتە نەخشەڕێگایەک بۆ بەڕێوبەرایەتی داهاتووی ترامپ سەبارەت بە مامەڵەکردنی بەرامبەر پەرەسەندنی هاوکارییەکانی نێوان چین، ئێران، کۆریای باکوور و ڕووسیا. بەپێی قسەی دوو بەرپرسی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا، بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی بایدن لە هاوینی ئەمساڵەوە دەستیان کردووە بە پەرەپێدانی ڕێنماییەکان بۆ ئەوەی ببێتە بەڵگەنامەیەک کە بتوانێت یارمەتی بەڕێوبەرایەتی داهاتوو بدات کە لە ڕۆژی یەکەمەوە ڕێبازەکەی لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن بەرامبەر بە چڕبوونەوەی پەیوەندییەکانی دیارترین نەیارەکانی ئەمەریکا، بنیات بنێت. ئەو بەرپرسانە کە نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت، ئاماژەیان بەوە کردووە کە یاداشتە نهێنییەکە بەهۆی هەستیاری هەندێک لە دۆزینەوەکان، ئاشکرا ناکرێت. بەڵگەنامەکە لە چوار بەش پێکهاتووە: باشترکردنی هاوکاری نێوان دەزگاکان لەناو حکومەتی ئەمەریکا، خێراکردنی هاوبەشکردنی زانیاری لەگەڵ هاوپەیمانان سەبارەت بەو چوار وڵاتە، بەکارهێنانی دروستی سزاکان و ئامرازە ئابوورییەکان لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین کاریگەری هەبێت و هەروەها بەهێزکردنی ئامادەیی ئەمەریکا بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لەپەیوەند بەو چوار وڵاتەوە. ئەمەریکا ساڵانێکە نیگەرانی هاوکارییەکانی نێوان ئەو چوار وڵاتەیە. ئەم هەماهەنگییە دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022 خێراتر بووە. بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە لەگەڵ زیادبوونی دابڕانی ڕووسیا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، مۆسکۆ بۆ دابینکردنی فرۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک ڕووی لە ئێران کردووە. هەروەها لە کۆریای باکورەوە ڕووسیا تۆپ و مووشەک و تەنانەت هەزاران سەربازیشی وەرگرتووە بۆ یارمەتیدانی بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەی کورسک. هاوکات چین یارمەتی پاراستنی بنکەی پیشەسازی سەربازی ڕووسیای داوە. لە لایەکی دیکەوە ڕووسیا فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی ئێران کردووە و هاوکاری تارانی کردووە بۆ بەهێزکردنی تەکنۆلۆژیای مووشەکی و بۆشایی ئاسمان. هەروەها کۆریای باکوور ئەو سووتەمەنی و سەرچاوە داراییانەی لە ڕووسیا وەرگرتووە کە پێویستە بۆ پەرەپێدانی توانای بەرهەمهێنان و سەربازییەکانی. ئەو بەرپرسانە زیادیان کرد ڕووسیا بە شێوەیەکی کاریگەر کۆریای باکووری وەک دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی قبوڵ کردووە. هەروەها چین سوودی لە شارەزایی تەکنیکی ڕووسیا وەرگرتووە و هەردوو وڵات پێکەوە کاردەکەن بۆ قووڵکردنەوەی هاوکارییە تەکنیکییە سەربازییەکان. سەرەڕای جیاوازی قووڵ لە تێڕوانینی بایدن و ترامپ سەبارەت بە پرسە جیهانییەکان، بەرپرسانی هەردوو ئیدارەی ئێستا و داهاتوو ڕایانگەیاندووە کە لە کاتی گواستنەوەدا هەوڵیانداوە هەماهەنگی لەسەر پرسەکانی ئاسایشی نیشتمانی بکەن. ئەو بەرپرسە وتی یاداشتەکەی بایدن لە کۆشکی سپی "هەوڵ نادات بەڕێوبەرایەتی ترامپ سنووردار بکات یان بەرەو بژاردەیەکی سیاسەتی دیاریکراو پاڵی پێوە بنیات". ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە بەڵگەنامەکە بۆ ئەوە دانراوە کە یارمەتی بەڕێوبەرایەتی داهاتوو بدات بۆ بنیاتنانی "توانا" بۆ داڕشتنی سیاسەتەکانی لەسەر هەندێک لە قورسترین کێشەکانی سیاسەتی دەرەوە کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.   سەرچاوە/AP