هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە 35 کوژراوی لێدەکەوێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-12 16:35:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە فەلەستینییەکان ڕایانگەیاند بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 12ی مانگی دوازدە لانیکەم 35 فەلەستینی لە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە کوژراون. بەگوێرەی ڕۆیتەرز، ژن و منداڵ لەنێو کوژراوەکاندان، لەوانە 7 کەس کە لە بۆردومانی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شەقامی ئەلجەلا لە شاری غەززە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە بۆردومانی ماڵێکدا لە ڕۆژئاوای کەمپی نۆسیرات لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە کە پەناگەیەکی پەنابەران بوو، 15 کەسی دیکە کوژران. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی وەفا کە ڕۆیتەرز پشتی پێبەستووە، لە ناوچەی ڕۆژئاوای شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، 13 فەلەستینی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. پێشتر ڕزگارکەران ڕایانگەیاندبوو کە بەلایەنیکەمەوە 30 کەس لە هێرشەکەی سەر ڕەفەح برینداربوون و باری تەندروستی چەند کەسێکیشیان ناجێگیرە. لە شاری خان یونس، کۆمەڵێک کەسی دیکە کە بەرپرسیار بوون لە ئاسایشی بارەکانی هاوکاری لە هێرشێکی فڕۆکەکانی ئیسرائیلدا کرانە ئامانج و ژمارەیەکیان بریندار بوون. تا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سوپای ئیسرائیل هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە ڕانەگەیاندووە. ڕۆژی چوارشەممە 11ی مانگی دوازدە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و بێ مەرج و هەمیشەیی لە نێوان ئیسرائیل و حەماس و هەروەها ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم بارمتەکان کرد. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز، هەرچەندە بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی گشتی پابەندکەر نین، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە گرنگن و ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی جیهانییە سەبارەت بە شەڕەکە. ئەمەریکا و ئیسرائیل و حەوت وڵاتی دیکە دەنگی نەخێریان دا و 13 وڵاتیش دەنگیان نەدا. ئەم شەڕە لە کەرتی غەززە دوای ئەوە دەستی پێکرد کە چەکدارانی حەماس لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و نزیکەی 1200 کەسیان کوشت و نزیکەی 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت. لەو کاتەوە سوپای ئیسرائیل ناوچەیەکی بەرفراوانی غەززەی وێران کردووە و نزیکەی دوو ملیۆن و 300 هەزار دانیشتووەکەی ئاوارە کردووە و برسێتی و نەخۆشی کوشندەشی لێکەوتووەتەوە. هەروەها دەسەڵاتدارانی تەندروستی فەلەستین ڕایانگەیاندووە کە تا ئێستا زیاتر لە 44 هەزار و 800 کەس لەو هێرشانەدا گیانیان لەدەستداوە. سەرچاوە/رۆیتەرز