وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایدەگەیەنێت سنورەکانیان کۆنترۆڵکردووەو چاودێرییەکانیان لەسەر ئەو شوێنانە چڕکردووەتەوە کە سەرچاوەی ناردنی ماددەی هۆشبەرن بۆ هەرێمی کوردستان. موقەدەم ئەردەڵان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕووخانی سوریا کاریگەری ئەوتۆی نابێت لەسەر ڕێژەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێم، چونکە سنورەکانمان توندوتۆڵکردووەو هێنانی ماددەی هۆشبەر ئاسان نییە." وڵاتی سوریا لەسەردەمی ڕژێمی ئەسەددا بە یەکێک لەو وڵاتە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر دادەنرا، بەو پێیەی لەو وڵاتەوە حەبی کابتاگۆن ڕەوانەی زۆربەی وڵاتان دەکرا. دوای ڕووخانی رژێمی ئەسەد و کۆنترۆڵکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنی کارگەکانی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەرو حەبی کابتاگۆن بڵاوکرانەوە، کە بەشێک لە بەرپرسانی سەردەمی ئەسەد تۆمەتبار دەکرێن بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە. لەکاتێکدا سوریا بە سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمهێنانی حەبی کابتاگۆن دادەنرا، بەشێک لەو تۆمەتبارانەی لە ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، تۆمەتی بازرگانی کردنیان بەو جۆرە حەبەوە دراوەتە پاڵ. لە ڕۆژی 25 ی مانگی یەکی 2024، ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبارو دەست بەسەردا گرتنی یەک ملیۆن حەبی کاپتاگۆنی ڕاگەیاند، هەروەها لە مانگی نۆی هەمان ساڵدا، لە سنوری سلێمانی دەستگیرا بەسەر بڕێکی زۆر حەبی کاپتاگۆن دا. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، عەقید سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم- سلێمانی ڕایگەیاند،"لە ساڵی 2024 دا، 1019 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، دەستگیراوە بەسەر 3 تۆن و 24 کیلۆ ماددەی هۆشبەریشدا." لە کۆتایی مانگی 4 ی ساڵی 2024، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەستگرتنیان بەسەر کارگەیەکی ماددەی هۆشبەردا لەسنوری قەزای دەربەندیخان ڕاگەیاند، کە دامەزرێنەری کارگەکە هاوڵاتییەکی سوری و چەند کەسێکی تری دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون. دانا شوانی، توێژەرو شارەزای بواری ماددە هۆشبەرەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرچاوەی هاوردەکردنی ماددەی هۆشبەر بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەزۆری ئێرانە، بەڵام لە سوریاشەوە ماددەی هۆشبەر هێنراوەتە عێراق، چونکە ئێستا وڵاتان ماددەی هۆشبەر وەکو چەکی سیاسیش بەکاردەهێنن." ڕووبەری سنوری عێراق لەگەڵ وڵاتی سوریا نزیکەی 600 کیلۆمەترە، دەوترێت ماددەی هۆشبەرو بە تایبەت حەبی کابتاگۆن لە ڕێگەی ناوچە سنورییەکانەوە لە سوریاوە هاوردەی عێراق کراوە. ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە، ماددەی هۆشبەر لە عێراق بە تەواوەتی بڵاوبووەتەوەو تەنانەت گەیشتووەتە نێو خوێندکارانی ناوەندی و ئامادەیی و زانکۆکانیش. عەدنان جحێشی، دەڵێت،"بارودۆخی ئەمنی و زۆر هۆکاری تر هەن کە بوون بە هۆی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە عێراق دا." لەکاتێکدا لە ماوەی ساڵی 2024 دا، ژمارەی ئەو بازرگان و بەکارهێنەرانەی ماددەی هۆشبەر کە لە سنوری سلێمانی دەستگیرکراون گەیشتووەتە 1019 کەس، بەرپرسانی ئەمنی هەولێریش جەخت لەسەر دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر لە سنورەکەیان دەکەنەوە. دانا شوانی دەڵێت،"ماددەی هۆشبەر پەلی کێشاوە بۆ نێو هەموو کایەکان هەر لە کایەی پەروەردەیی و سەربازییەوە تا کایەی خێزانی، گەورەترین گرفتیش نەبوونی سەنتەری چارەسەرکردنی ئالودە بووانە." هەروەک چۆن وڵاتان بە چڕی چاودێری دۆخی سیاسی و ئەمنی سوریا لە دوای کەوتنی رژێمی ئەسەد دەکەن، هاوکات چاودێری ئەوەش دەکەن کە سوریای دوای ئەسەد بەردەوام دەبێت لە بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر یاخود ئەو هێزانەی دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست سنورێکی بۆ دادەنرێت.