نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بەرپرسانی نوێی کاتی سوریا داوایان لە دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لە وڵاتەکەدا بمنێننەوە، ئەوەش دوای دوورخستنەوەی بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات، بەمەش " ئاماژەیەکی بونیادنەرانەیان " ناردووە. نوێنەری دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران گۆنزالۆ ڤارگاس لۆسا وتی " پێویستییەکان زۆر زۆر گەورەن." وتیشی لە دوای دوورخستنەوەی ئەسەدەوە دەزگاکەی " پەیوەندییەکی هەبووە لەگەڵ بەرپرسانی کاتیدا، ئاماژە سەرەتاییەکانی کە ناردوویانە بۆ ئێمە بونیادنەرن." بەرپرسان دەڵێن " دەیانەوێت ئێمە لە سوریا بمێنینەوە، سوپاسگوزاری ئەو کارەن کە ئێمە چەندین ساڵە ئەنجامی دەدەین، پێویستیان پێمانە بەردەوام بین لەو کارە." وتیشی لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە بەرپرسان ئاماژەیان بەوەداوە کە " ئاسایشی پێویستمان بۆ دابین دەکەن بۆ ئەوەی ئەو چالاکییانە ئەنجام بدەین." هاوکات کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور تیشکی خستەسەر قورسی ئەو ئەرکەی لەبەردەمییاندایە بۆ یارمەتیدانی خێزانە سوریاییەکان کە ئازیزانییان لە ماوەی دەسەڵاتی ئەسەددا بێسەروشوێن بوون. ستێفان ساکالیانی بەرپرسی کۆمیتەکە لە سوریا وتی " لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا دەیان هەزاران خێزان هاتوون بۆ لامان و داوامان لێدەکەن بە دوای ئازیزانییاندا بگەڕێین." وتی کۆمیتەکە زیاتر لە 35,000 حاڵەتی بێسەروشوێنبوونی تۆمار کردووە، وتیشی ڕەنگە ژمارەکە زۆر زیاتر بێت. هەروەها داوای پاراستنی ئەو ئەرشیفانە دەکات کە لە زیندانەکان و شوێنەکانی دیکەدا دەدۆزرێنەوە. ساکالیان وتی " ئەوەی ئێستا پێویستمانە بێگومان گفتوگۆیەکی بەپەلە و باشترە لەگەڵ حکومەتی کاتیدا." سەرچاوە/ فرانس پرێس