جەنەڕاڵێکی ئەمەریکایی لە سەردانێکدا بۆ ئیسڕائیل تاوتوێی سوریا و پرسەکانی دیکەی ناوچەکە دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-14 17:05:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەفسەرێکی باڵای سەربازیی ئەمەریکا لە ڕۆژی چوارشەممەوە بۆ هەینی سەردانی ئیسڕائیلی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی بەرگری ئیسڕائیلدا کۆبووەتەوە و تاوتوێی دۆخی ناو سوریا و پرسەکانی دیکەی ناوچەکەیان کردووە. جەنەڕاڵی سوپا مایکڵ کوڕێلای فەرماندەی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا لەگەڵ جەنەڕاڵ هەرزی هالیڤی سەرۆک ئەرکانی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل و وەزیری بەرگری ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتزدا کۆبووەتەوە. واشنتن داوای لە ئیسڕائیل کردووە لە نزیکەوە لە پەیوەندیدا بێت لەگەڵ ئەمەریکادا سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناو سوریا. کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر یاخیبووەکان بە سەرکردایەتی ئەبو محەمەد جۆلانی کۆتاییان بە دەسەڵاتە پەنجا ساڵەییەکەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا. دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، سوپای ئیسڕائیل وتی فڕۆکە جەنگییەکانی سەدان هێرشی ئاسمانییان لە سوریادا ئەنجام داوە و کۆمەڵێکی زۆر لە کۆگاکانی چەکە ستراتیژیییەکانییان لە ناوبردووە. کاتز فەرمانی بە هێزەکانی ئیسڕائیل کردووە ئامادە بن لە زستاندا لە ماونت هێرمۆن بمێننەوە، کە شوێنێکی ستراتیژییە و زاڵە بەسەر دیمەشقدا. سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا وتی " سەرکردەکان تاوتوێی کۆمەڵێک پرسی ئاسایشی ناوچەکەیان کردووە، بە دۆخەکەی ناو سوریاشەوە، هەروەها ئامادەیی دژی مەترسییە ستراتیژی و ناوچەییەکانی دیکە." وتیشی کوڕێلا لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا سەردانی ئوردن و عێراق و لوبنان و سوریاشی کردووە. ئیسڕائیل پێشوازی لە لابردنی ئەسەد کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا گومانی لەو گروپە یاخیبووانە هەیە کە ئەسەدییان دوورخستەوە، کە زۆرێکییان لە ڕاستیدا پەیوەندییان بە گروپە ئیسلامییەکانەوە هەبووە. لە لوبنان کوڕێڵا سەردانی بەیروتی کرد بۆ چاودێریکردنی کشانەوەی یەکەمین هێزەکانی ئیسڕائیل لەو وڵاتەدا لە ژێر ئاگربەستێکدا کە مانگی ڕابردوو واژۆ کرا و کۆتایی بە شەڕەکە هێنا کە هەزاران کەسی تێدا کوژران و زیاتر لە یەک ملیۆنیش ئاوارە بوون. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز