لە ڕۆژە سەرەتاکانی ساڵی 2013 دا، پیاوێکی ئەمەریکایی لە شەقامەکانی گەڕەکی مەزەی دیمەشقدا ماڵ بە ماڵ خۆی دەشاردەوە و دەگەڕا بە دوای هاووڵاتییەکی سڤیلدا تاوەکو بیباتە شوێنێکی پارێزراو، دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە دەستبەسەریی لە زیندانێکی کۆنکرێتدا. بەرپرسێکی ئێستای ئەمەریکا و سێ بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتە و کەسێکی نزیک لە بابەتەکەوە بە ڕۆیتەرزییان وت ڕۆژنامەنووس ئۆستن تایس، لە ماوەی گەشتێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ سوریا لە مانگی هەشتی ساڵی 2012 دا دەستبەسەرکرا. تایس پێشتر سەربازێکی ئەمەریکایی بووە و توانیویەتی لە زیندانەکە هەڵبێت. هەڵاتنەکەی ساڵی 2013 ی تایس، کە بۆ یەکەمین جار لە ڕۆیتەرز بڵاوکراوەتەوە، یەکەمین دەرکەوتنی ئەمەریکاییەکە بوو دوای ئەوەی بێسەروشوێن بوو. لە ئێستادا و دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دوای 13 ساڵ لە شەڕی ناوخۆی سوریا، هەوڵێکی گەورە هەیە بۆ دۆزینەوەی تایس. دوای ڕووخانی ڕژێمەکە لەلایەن یاخیبووەکانەوە، هەزاران کەس لە زیندانەکانی دیمەشق ڕزگارکران. بەرپرسێکی ئەمەریکایی وتی تاوەکو ئێستا تایس نەدۆزراوەتەوە. هیچ ئاماژەیەکی باوەڕپێکراویش نیە لەسەر شوێنەکەی، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی ڕوونیش نیە لەسەر ئەوەی کە مردبێت. بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن هەڵاتنەکەی تایس لە زینداندا لە ساڵی 2013 دا، کە باوەڕوایە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە حکومەتەوە زیندانی کرابێت، بەهێزترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە حکومەتی ئەمەریکا پێی وابێت هێزەکانی لایەنگری ئەسەد تایسییان گرتووە. ئەمە بە تێپەڕبوونی کات وایکرد بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا لەم بارەیەوە ڕاستەوخۆ فشار بخەنە سەر حکومەتەکەی بەشار ئەسەد. ئەو کەسەی کە لە نزیکەوە ئاگاداری بابەتەکەیە وتی کاتێک تایس هەڵات، خەڵکەکە لە گەڕەکی مەزە بینیویانە بە شەقامەکاندا ڕۆیشتووە. چووەتە ناو ماڵی خێزانێکی سوریایی ناسراوەوە. بەرپرسێکی ئێستا و بەرپرسێکی پێشووی ئەمەریکا وتییان تایس بە زوویی دوای هەڵاتنی دەستگیرکراوەتەوە. بەرپرسانی ئەمەریکا باوەڕییان وایە کە ئەگەرێکی زۆری هەیە تایس دوای هەڵاتنی لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستگیرکرابێتەوە کە ڕاستەوخۆ فەرمانییان لە ئەسەدەوە وەرگرتووە. کەسێکی نزیک لە بابەتەکەوە وتی تایس لە ساڵانی دواتردا لەم دەزگای هەواڵگرییەوە و گواستراوەتەوە بۆ دەزگای دیکەی هەواڵگری و بەو شێوەیە بەردەوام بووە. بەپێی بەرپرسەکانی پێشوو، بەڕێوبەرایەتییەکەی پێشووی سەرۆک باراک ئۆباما لە ساڵی 2016 دا زانیارییەکی دیکەی دەستکەوت لەسەر ئەوەی کە تایس بە هۆکاری نەخۆشییەکی نەزاندراو گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە دیمەشق، ئەمەش دووەمین جار بووە تایس بیندراوە. بەڵام بەرپرسانی ئێستا زۆر متمانەیان بەو ڕاپۆرتە نیە. بە تێپەڕبوونی کات خێزانەکەی تایس کە سەرکردایەتی هەوڵەکانییان دەکرد بۆ دۆزینەوەی تایس، بە ئاشکرا نائومێدی خۆیان لە حکومەتی ئەمەریکا دەردەبڕی، دەیانووت حکومەتەکە ئازادکردنی تایسی نەکردووەتە کاری پێشینەی خۆی. ئێستا لە واشنتن کۆبوونەتەوە بە هیوای ئەوەی بتوانن بەمزووانە ئاهەنگ بۆ ئازادی تایس بگێڕن. سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو وتی " باوەڕمان وایە کە ئەو لە ژیاندا ماوە. پێمان وایە دەتوانین بیگەڕێنینەوە، بەڵام هێشتا هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆمان لەسەر ئەوە نیە." لە ماوەی دوانزە ساڵی ڕابردوودا، دەزگاکانی ئەمەریکا بە دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ و دەزگای هەواڵگری ناوەندیشەوە هەزاران زانیارییان سەبارەت بە تایس کۆکردووەتەوە. زۆربەیان مەحاڵ بوون پشتڕاست بکرێنەوە. تایس کە وەکو ڕۆژنامەنووسێک بۆ واشنتن پۆست و مککلاچی کاری دەکرد، یەکێک بووە لە یەکەمین ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکاییەکان دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریا بگاتە سوریا. لە مانگی هەشتی ساڵی 2012 دا، لە ماوەی شەڕێکدا لە حەلەب، دەستگیرکرا. چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی ڤیدیۆیەک لە یوتیوب تایسی بە چاو و دەست بەستراوی پیشاندا. چەند چەکدارێک لە دەوری تایسن و وادەردەکەوێت ئەفغانی بن و هاوار دەکەن " خودا مەزنە." ئەوەش لە هەوڵێکی دیاردا بۆ لۆمەکردنی یاخیبووە ئیسلامییەکان لەسەر دەستگیرکردنی. تایس نزا دەکات بە عەرەبی و دواتر بە ئینگلیزی هاواری عیسا دەکات. لە هەمان کاتدا کە تایس دەستگیرکرا، چەندین ڕۆژنامەنووسی دیکە دەستگیرکران، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ڕۆژنامەنووسەکانی دیکە ئازادکران، بەڵام وردەکارییەکان سەبارەت بە تایس هێشتا ڕوون نین. بەڕێوبەرایەتییەکەی ئۆباما زانیاری هەواڵگری دەستکەوت لەسەر ئەوەی تایس ڕەنگە لە ژێر دەستی توندڕەوەکاندا بێت یاخود لە ژێر دەستی حکومەتی سوریادا، ئەمەش بەپێی دوو بەرپرسی پێشووی ئەمەریکا. بەڵام هیچ ڕێگەیەک نەبووە بۆ بەڕێوبەرایەتییەکە تاوەکو ئەو زانیارییە پشتڕاست بکاتەوە. لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا هەندێک لە بەرپرسانی ئەمەریکا و داکۆکیکاران لە مافی ڕۆژنامەنووسان باوەڕییان بەو هەڵسەنگاندنە نەما کە تایس ڕەنگە لە ژیاندا مابێت، بەشێکی ئەوەش بەهۆی ئەوەوە بوو کە هیچ بەڵگەیەکی متمانەپێکراو و نوێ نەبوو دۆخی تایس پشتڕاست بکاتەوە. ئەوانی دیکەش بە گەشبینی ماونەتەوە، بە هەندێک لەو بەرپرسانەشەوە کە لە بەڕێوبەرایەتییەکەی دواتری دانۆڵد ترامپدان. لە ساڵی 2019 دا بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپ، بە کاش پاتێلیشەوە کە ئەو کاتە یاریدەدەری سەرۆکایەتی ئەمەریکا و ڕاوێژکاری سەرۆک بوو لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، لەگەڵ ڕۆجەر کارتستنیش کە نوێنەری تایبەت بوو بۆ کاروباری بارمتەکان، سەردانی دیمەشقییان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی سوریادا سەبارەت بە تایس کۆبوونەوە. بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا دەڵێن حکومەتی سوریا ڕەتی کردووەتەوە هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو لەسەر ئەوەی کە تایس لە ژیاندا ماوە و داوایان لە ئەمەریکا کردووە سیاسەتەکەی بەرامبەر سوریا پێچەوانە بکاتەوە و هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا بکشێنێتەوە، ئەوەش لە بەرامبەر کردنەوەی گفتوگۆکاندا سەبارەت بە تایس. لەو کاتەوە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی سوریادا پاراستووە، بەڵام بەرپرسانی ئەسەد نەیانویستووە قسە بکەن هەتاوەکو ئەمەریکا ڕازی دەبێت بە داواکانییان. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز