لە ناوچەی تەداموونی سەر بە دیمەشق ئێسکێکی زۆری مرۆڤ دەدۆزرێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دانیشتوان و گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ باسییان لەوە کرد کە لە ماوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا بۆ ماوەی چەندین ساڵ خەڵکێکی زۆر لەو ناوچەیەدا کوژراون. دوای ئەوەی لە ساڵی 2022 دا ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە، تەداموون ناوبانگێکی خراپی دەرکرد، لە ڤیدیۆکەدا چەند پیاوێک دەردەکەون بە پۆشاکی سەربازییەوە و چەند پیاوێکی چاوبەستراو بەرەو چاڵێکی گەورە دەبەن، پێیان دەڵێن ڕابکەن و دواتر لە نزیکەوە تەقەیان لێدەکەن لە کاتێکدا کە نزیک دەبنەوە لە قەراغی چاڵەکە و دەکەونە ناو چاڵەکەوە. دانیشتوان بە ڕۆیتەرزییان وت ئەو کوشتارییە لە ساڵی 2013 دا ڕوویدا، بەڵام ئەو جۆرە کوشتنانە تاوەکو ئەمدواییانەش هەر بەردەوام بوون، وتییان بەردەوام هێزەکانی ئاسایشی سوریایان بینیوە پیاوەکان دەهێنن بۆ ئەم ناوچەیە، دواتر گوێیان لە دەنگی تەقە دەبێت بۆنی گۆشتی سوتاوی مرۆڤ دەکەن. محەمەد ئەلدەرا، کە پیاوێکی بەساڵاچووە و لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاشەوە هەر لە تەداموون ماوەتەوە، وتی لەو ناوچەیە ماوەتەوە لەبەر ئەوەی ترساوە ماڵەکەی تاڵان بکرێت. وتی ساڵ لە دوای ساڵ ئوتومبێلی هێزە چەکدارەکانی سوریای بینیوە " خەڵکییان بە دەست بەستراوی " هێناوە بۆ کۆڵانێکی بچووکی تەنیشت ئەو شوێنەوە کە باوەڕوایە کۆمەڵکوژییەکەی تێدا ئەنجام درابێت، لە تەداموون. وتی " شەوان گوێت لێدەبوو، هەر فیشەکێک کە دەچووە ناو پیاوێکەوە." ئاماژەی بە شەقامێکی خۆڵدا و وتی " ئەمە گۆڕستانی سەرجەم لاشەکان بوو." ڕۆیتەرز ئێسکەکانی دۆزیوەتەوە لە ناو خۆڵ و خاشاکەکەدا، منداڵەکانیشی بینیوە یارییان بە ئێسکەکان کردووە. خالید حورییە وتی دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 دا گەڕاوەتەوە بۆ گەڕەکەکە، زۆرجار گوێی لە دەنگی تەقە بووە و بۆنی گۆشتی سوتاوی مرۆڤی کردووە. وتی " ئەمە بە شەقامی کوشتن ناسراوە. هەر کەسێک هاتبێتە ئەم شەقامە بە مردوو لە قەڵەمدراوە." وتیشی هێزەکانی ئاسایش زۆرجار داوایان لە خەڵکی گەڕەکەکە کردووە یارمەتییان بدەن گۆڕە بە کۆمەڵەکان هەڵبکەنن. وتی " ئەو شتانە لە یادماندا دەرناچن. لاشەکان لەسەر زەوییەکە، ئەوە بوو بە شتێکی ئاسایی بۆ خەڵکەکە." دانیشتوانی ناوچەکە وتییان لە ماوەی دەسەڵاتەکەی ئەسەددا لە ترسدا نەیانتوانیوە قسە بکەن، کاتێک ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات بە توندی سزا دەدرا. هەندێکییان هێشتا دوودڵ بوون قسە بکەن و تەنها ناوی یەکەمی خۆیاندا، ڕەتیشییان کردەوە وێنەیان بگیرێت. ئەلدەرا وتی " نەماندەتوانی هیچ شتێک بڵێین، ئەگەر نا ئەوا ماڵەکەتییان دەسووتاند یاخود کوڕەکەتییان دەکوشت. ناخۆش بوو زۆر ناخۆش بوو." بەڵام ئێستا دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، دانیشتوانی و چالاکەوانانی مافەکان هیوادارن تەوقی ناوچەکە بدرێت و ئەوانەی بەرپرس بوون لەو کوشتارییە سزا بدرێن. هیبا زەیادینی توێژەری سوریایی لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ وتی " ئەوە شتێکی بەپەلەیە کە ئەم ناوچەیە بپارێزرێت، گۆڕە بە کۆمەڵەکە هەڵبدرێتەوە، ڕێکخراوە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان ڕێگەیان پێبدرێت بەبێ هیچ بەربەستێک بێنە ئەم ناوچەیە و بتوانن بە وریایی و بە باشی کاری خۆیان بکەن." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز