سوریاییەکان بەڵێن دەدەن جارێکی دیکە بێدەنگ نەبن

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-15 16:55:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرۆکی نوێی ئاسایش کە یەکێکە لەو یاخیبووانەی کە بەشداربوو لە کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشقدا، لەگەڵ تیمەکەیدا گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق، کارمەندەکانی فڕۆکەخانەکە بەخێرهاتنی حەمزە ئەلئەحمەدییان کرد و بە پەرۆشەوە بوون بزانن دواتر چی ڕوودەدات. کارمەندەکان دەستبەجێ باسییان لە سکاڵاکانییان کرد کە لە ماوەی دەسەڵاتەکەی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەددا نەیاندەتوانی باسییان بکەن. لە کاتێکدا کە ئەلئەحمەد دڵنیایی دانێ، ئوسامە نەجمی ئەندازیار وتی " ئەمە یەکەمین جارە قسە دەکەین." ئەمەش یەکەم هەفتەی دوای گۆڕانی سوریا بوو دوای ئەوەی ڕژێمەکەی ئەسەد ڕووخا. یاخیبووەکان کە لە ناکاو بوون بە فەرمانڕەوا لە سوریا، چاوییان بە دانیشتوانێک کەوت کە بە پەرۆشەوەن بۆ ئازادییە نوێیەکەیان، هەروەها هێشتا دەناڵێنن بە دەست چەندین ساڵ لە سەرکوتکارییەوە، هەروەها هیواخوازن و پێشبینی و نیگەرانییان هەیە سەبارەت بە داهاتوو. گواستنەوەکە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر گرژی کەم تێدا بووە. ڕاپۆرتەکانی تۆڵەکردنەوە و کوشتنی تۆڵەکردنەوە و توندوتیژی تائیفی کەم بوون. تاڵان و وێرانکاری بە خێرایی کۆنتڕۆڵ کراون، چەکدارە یاخیبووەکان ڕێکخراون کراون. ڕۆژی شەممە خەڵک وەکو هەمیشە لە دیمەشقی پایتەخت بەردەوام بوون لە ژیانی ئاسایی خۆیان. تەنها یەک ئوتومبێلی چەکدارەکان دەبیندرا. دوای پێنج دەیە لە دەسەڵاتی بنەماڵەکەی ئەسەد، وڵاتەکە شکاوە و پەراوێزخراوە، خێزانەکانیش زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە بەهۆی جەنگەوە، دەیان هەزاران دەستبەسەر هێشتا بێسەروشوێنن. ئابووری وڵاتەکە تێکچووە و هەژاریش بەربڵاوە، هەڵاوسان و بێکاری زۆر زۆرن، گەندەڵێش لە ژیانی ڕۆژانەدا تێکەڵ بووە. لە فڕۆکەخانەکە ئەحمەد بە کارمەندەکانی وت " ڕێگە نوێیەکە قورس دەبێت، بەڵام لەبەرئەوەیە کە وتوومانە سوریا بۆ هەمووانە و دەبێت هاریکاری یەکتر بین." نەجم وتی تاوەکو ئێستا یاخیبووەکان بە قسە هەموو شتە باشەکانییان وتووە، " بەڵام جارێکی دیکە بێدەنگ نابین لەسەر هەر شتێکی هەڵە." زۆرێک لە چەکدارانی یاخیبوو لە ناوچە پارێزگارەکانەوە هاتوون، زۆرێکییان سەر بە باڵی ئیسلامی توندڕەون. تەحریر شام کە سەرکردایەتی یاخیبوونەکەی کرد، پێشتر سەر بە قاعیدە بووە، سەرکردەکانیشی کاردەکەن بۆ دڵنیاییدانەوەی کۆمەڵگە ئایینی و نەژادەکانی سوریا و دەڵێت داهاتوو باش دەبێت. بەڵام زۆرێک لە سوریاییەکان هێشتا گومانییان هەیە. هەندێک لە چەکدارەکان دروشمی ئیسلامی لەسەر جلەکانیان دەردەکەوێت و هەمووشیان سەر بە تەحریر شام نین، کە ڕێکخراوترین گروپە لە نێو گروپەکاندا. هانی زیا کە دانیشتوویەکە لە دیمەشق وتی نیگەرانە سەبارەت بە هەواڵەکان لەسەر هێرشکردنە سەر کەمینەکان و کوشتنەکان لە تۆڵەکردنەوەدا. وتی " ئەو خەڵکەی لەسەر شەقامەکان دەیانبینین نوێنەرایەتی ئێمە ناکەن. دەبێت بترسین." وتیشی نیگەرانە لەوەی هەندێک لە یاخیبووەکان خۆیان بە گەورەتر دەزانن لە سوریاییەکان بەهۆی ئەوەی کە چەندین ساڵە شەڕ دەکەن. وتی " لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو ئەوانەی قوربانییان داوە، ئێمەش قوربانیمان داوە." بەڵام لە دیمەشق زۆرێک سوورن لەسەر ئەوەی کە چیتر ڕێگە بە خۆیان نادەن سەرکوت بکرێن. لە کافتریاکە لە شاری کۆنی مێژوویی لە بەشی کریستیانەکان، پیاوەکان بیرەیان دەخواردەوە کاتێک کۆمەڵێک چەکدار بەلایاندا ڕۆیشتن. چەکدارەکان هیچییان نەکرد. پۆلیسێک وتی پیاوێک بە چەکەوە دوکانێکی خواردنەوەکانی بێزار کردووە لە شارەکەدا، پۆلیسی یاخیبووان دەستگیرییان کردووە. سالم هاجۆ کە بەشدار بووە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2011 دا، وتی هاوڕا نیە لەگەڵ بیر و بۆچوونە ئیسلامییەکانی یاخیبووەکاندا، بەڵام توشی سەرسوڕمان بووە لە ئەزموون و توانای یاخیبووەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ کاروباری خۆیاندا، وتیشی پێشبینی دەکات دەنگی هەبێت لە سوریای نوێدا. وتی " ئێمە هەرگیز لەم مورتاحییەدا نەبووین. ترس نەما. ئەوەی کە ماوەتەوە پەیوەستە بە خۆمانەوە." سەرچاوە: AP