چاودێران دەڵێن جۆلانی و سوریای نوێ کوردیان وەک کورد قبوڵە، نەوەک وەکو پەکەکە و ڕەگەزەکانی

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-15 18:00:25 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژی یەکشەممە 15ی مانگی دوانزەی 2024، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی سوریا و وتەکانی ئەحمەد شەرع فەرماندەی گشتی دەستەی تەحری شام بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند،" تێڕوانینەکانی لەبارەی داهاتووی گەلی کورد لە سوریا جێگای خۆشحاڵییە و پێشوازی لێ دەکەین." چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە جۆلانی و سوریای نوێ کوردیان وەکو کورد قبوڵە نەک وەکو "پەکەکە و ڕەگەزەکانی". مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر دۆخی سوریا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند،" لێدوانێکی بەڕێز (احمد الشرع) ـم لەبارەی گەلی کورد لە سوریا بینی کە گەلی کوردی وەک بەشێک لە نیشتیمان و هاوبەش لە سوریای داهاتوو وەسفکردبوو، ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داهاتووی سوریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین و هیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژوو و ڕاستکردنەوەی ئەو مامەڵە هەڵە و نا دروستەی لەبەرانبەر گەلی کورد لە سوریا ئەنجام دەدرا." مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە ئەم جۆرە تیڕوانینە ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ بنیاتنانی سوریایەکی بەهێز و پێویستە کورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی تری سوریا، سود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ ئەوەی پێکەوە لە دامەزراندنی سوریایەکی سەقامگیر و ئازاد و دیموکرات بەشدار بن. ڕۆژی شەممە 14ی مانگی دوانزەی 2024، ئەحمەد شەرع فەرماندەی گشتی دەستەی تەحری شام، پەیامێکی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر سوورییەکان داوای لێ نەکەن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سوریا خۆی بۆ پۆستی سەرۆک هەڵنابژێرێت و گوتیشی،" لە داهاتوودا هەڵبژاردن لە سوریا دەکرێت و وەزارەتی بەرگری هەموو گرووپە چەکدارەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا نامێنێت." جۆلانی لەبارەی کوردی و دەستور لە پەیامەکەیدا ڕاشیگەیاند،" کورد بەشێکی سەرەکی دەبن لە داهاتووی سووریا و ئەوانیش وەکو ئێمە ڕووبەڕووی ستەمی زۆر بوونەتەوە و لەبارەی دەستوریش، دەستووری سوریا لیژنە و ئەنجومەنی تایبەتی بۆ دروست دەکرێت و شێوازی دەسەڵات دەدرێتە دەست شارەزایان، یاساناس و گەلی سووریا و لەم چوار چێوەیەدا تواناکان دەبنە بنەمای هەڵسەنگاندن بۆ دەوڵەتی نوێ." دوای ئەوەی ڕۆژی 29ی مانگی یانزەی 2024، گرووپە چەکدارەکانی هەیئەت تەحریر ئەلشام و هاوپەیمانەکانی کە بە گرووپی سوونەی تونڕەوی نزیک لە تورکیا دادەنرێن لە یەکەم هەنگاویاندا هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب لە سوریا و هێرشەکانیان بەردەوام کرد، تا ڕۆژی 8ی مانگی 12 بە تەواوی کۆتاییان هێنا بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا. بە خوێندنەوەی چاودێرانی سیاسی، ویست و خواستی ئەمەریکا و وڵاتانی زلهێز و هاوپەیمانانە کە گۆڕانکاری لە سوریا دروستکردووە یان بە جۆرێکی تر ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان وڵاتانی بەرژەوەندیخواز هۆکاری سەرەکی کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد و لەناوچوونی دەسەڵاتەکەی بوو لە سوریا و چاودێران دەڵێن، دەبێت سوریایی نوێی لەسەر خواست و ڕێکەوتنی ئەو وڵاتانە بنیاتبنرێتەوە و بەجۆرێک بەرژەوەندیان لە بەرچاو بگیرێت. دلێر عەبدوڵا، چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هیچ هێز و دەسەڵاتێک ناتوانێت پێچەوانەی نەخشە و بەرنامەی ئەمەریکا وزلهێزەکان بجوڵێتەوە، لێدوانەکەی جۆلانیش دەربارەی کورد و ئایندەی کوردان لە سوریا، دەکەوێتە چوار چێوەی ئەو نەخشە و بەرنامەیەی زلهێزان بۆ سوریای نوێ دایانڕشتووە." وتیشی،" ڕوونە کە ئەمەریکا و هاوپەیمانان کوردیان بەلاوە گرنگە و دەیانەوێت لە داهاتووی سوریا ڕۆڵیان پێ بدرێن، بەڵام بەو شێواز و جۆرەی کە ڕێکەوتنی لەسەر کراوە بەواتایەکی تر قسەکانی جۆلانی خوێندنەوەی تر هەڵدەگرێ و دەشێت بەجۆرێکی تر لێکدانەوەی بۆ بکرێت بەتایبەتی کە لە لێدوانێکی پێشووتریشدا ئاماژەی بۆ ئەوەدابوو، کە کورد و پەکەکە جیاوازن. بەو مانایەی جۆلانی و سوریای نوێ کوردیان وەکو کورد قبوڵە، نەک وەکو پەکەکە و ڕەگەزەکانی ئەو گروپە." حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی لە دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، بەردەوام داوا دەکەن مافی تەواوی پێکهاتەکان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا پێشێل نەکرێت و کورد بەشداریەکی کارای هەبێت لە بونیاتنانەوەی حکومەتی نوێدا. دلێر عەبدوڵا، چاودێری سیاسی ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، ئەگەر کورد بەرگێکی نوێی بەبەری خۆیدا نەکات و بەو شێواز و جۆرە نەیەتە پێشەوە کە لێی چاوەڕێ دەکرێت، بەدڵنیایەوە لایەنێکی سەرەکی و گرنگی وڵاتە هاوپەیمانەکان کە تورکیایە گرفتی بۆ دروست دەکات و دەشڵێت،" هەر ئەو هۆکارانەش وایکردووە لە باشوورەوە پێشوازی لە وتەکانی جۆلانی بکرێت، بەتایبەت لەسەر ئاستی باڵاو لەلایەن خودی بارزانیەوە کە لە ئێستادا ئامادەکاری تەواوەتی دەکات بۆ ئەوەی گروپ و پارتە درستکراوەکانی خۆیان تێکەڵی سوریای نوێ بکەن."