نرخی دراوی ئێرانی بۆ ئاستێکی پێوانەیی نوێ بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکایی دابەزی، ئەمەش لە نێوەندی نادیارییەکاندا سەبارەت بە نزیکبوونەوەی دانۆڵد ترامپ لە کۆشکی سپی و گرژییەکانی ڕۆژئاوا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران. نرخی تمەنی ئێرانی ڕۆژی شەممە لە بازاڕە نافەڕمییەکاندا دابەزی بۆ 756,000 بەرامبەر دۆلار، ڕۆژی هەینی 741,000 بوو. ماڵپەڕی بازاڕ360 وتی دۆلار بە نزیکەی 755,000 تمەن فرۆشراوە. لە کاتێکدا کە لە ئێران ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە نزیکەی لە سەدا 35، ئێرانییەکان دۆلار و دراوە بەهێزەکانی دیکە و زێڕ و دراوی کریپتۆ دەکڕن. دابەزینی نرخی تمەن بۆ ئەم ئاستە نوێیە لە مانگی یانزەوە دەستیپێکردووە، ئەوەش لە نێوەندی نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە سەرۆکایەتییەکەی دانۆڵد ترامپ کە بڕیارە لە مانگی یەکدا دەستبەکاربێت. ترامپ ڕەنگە دووبارە پەیڕەوی سیاسەتی " زۆرترین فشار " بکاتەوە دژی ئێران و سزای توندتر بسەپێنێت بەسەر ئەو وڵاتەدا و ئیسڕائیل پشتئەستوور بکات لە لێدانی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران. دراوی ئێران جارێکی دیکە دابەزییەوە کاتێک ئەنجومەنی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بڕیارێکی دژی تاران دەرکرد، مەترسی سزای نوێیان دژی تاران زیاتر کرد، هەروەها دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدیش جارێکی دیکە دراوی ئێرانی دابەزینی بە خۆیەوە بینییەوە. لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. ڕێککەوتنەکە سزاکانی سەر ئێرانی سووک دەکرد لە بەرامبەر سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانیدا. لە ساڵی 2018 ەوە دراوی ئێرانی زیاتر لە سەدا 90 ی بەهاکەی لە دەستداوە. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز