پسپۆڕێکی بواری خۆراک ڕایدەگەیەنێت، ئەو بەروبوومە کشتوکاڵییانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، پشکنینی پێویستی کیمیاییان بۆ ناکرێت و ڕێژەی نایترایت لە پێکهاتەی بەروبوومە هاوردەکراوەکاندا لە ستاندارد زیاترە. لەشکر حەمید، پسپۆڕی بواری خۆراک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر بەروبوومی کشتوکاڵی رێژەی زیاد لە ستاندارد نایترەیتی تێدابوو، مرۆڤ توشی نەخۆشییە درێژ خایەنەکان دەکات لە نێویاندا شێرپەنجە." نایترایت بڕی پەینی کیمیاییە کە بەکاردەهێنرێت بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی، تا بەروبوومەکان خێرا گەشە بکەن و بەرهەمی زیاتریان هەبێت، بەکارهێنانی بڕی زیادی نایترەیت وادەکات تێکەڵی پێکهاتەی بەروبوومی کشتوکاڵی ببێت. لەشکر حەمید دەڵێت،"لە سنورەکان تەنها لە ڕێگەی چاوەوە پشکنینی فیزیایی بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی دەکرێت، لەکاتێکدا دەبێت پشکنینی کیمیایی و پشکنینی دژە مێرووەکان و پشکنینی کانزا قورسەکانیش بۆ بەروبومی کشتوکاڵی بکرێت کە ئەمەش دەچێتە بواری پشکنینی کیمیاییەوە." ڕۆژانە بڕێکی زۆر بەروبوومی کشتوکاڵی لە دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەنجام نەدانی پشکنینی پێویست بۆ بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لەکاتێکدایە ئەم ئەرکە بە چەند کۆمپانیایەک لە دەروازە سنورییەکان سپێردراوە. عەلی حەمە ساڵەح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەشێکی زۆری کاڵاو بەروبوومە کشتوکاڵییە هاوردەکراوەکان بە پرۆسەی گومرگی و کوالێتی کۆنترۆڵدا تێپەڕ نابن، بەڵکو لە دەروازەکان خەتێک هەیە پییدەوترێ خەتی تەنسیق، بارە قاچاخەکان لەو خەتانەوە دێنە ناو هەرێم و هەر بارێک بڕێک پارەیان لێوەردەگیرێت." ئەو دەڵێت،"ئەو بارانەی لە خەتی تەنسیقی دەروازەکانەوە دێن بە ئۆتۆمبێلی بەڕاد و داخراو دەهێنرێن و هیچ پشکنینێکیان بۆ ناکرێت، مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار دەست حزب وبەرپرسان دەکەوێت بەهۆی ئەو بارانەوە. کاڵا هاوردەکراوەکانیش بە قاچاخ جۆرەها کاڵای جیاوازیان تێدایە." جەختیشیکردەوە،"لەئێستادا هەنگوینیش بە قاچاخ دەهێنرێتە هەرێم، ئەمەش زیانی گەورە بە هەنگەوانەکان دەگەیەنێت." لە ڕۆژانی رابردوودا، ئاشکرابوونی هەبوونی رێژەیەکی زۆری نایترایت لە فاسۆلیای تەڕی هاوردەکراودا هەڵای دروستکرد، گوایە دواتر هاوردەکردنی فاسۆلیای تەڕ قەدەغەکراوە. بەپێی نوسراوێکی کشتوکاڵی گەرمیان کە وێنەیەکی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، لە مانگی دووی ساڵی 2019ەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەبوونی رێژەی زۆر نایترایت لە بەروبوومە کشتوکاڵییە هاوردەکراوەکان ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا رێوشوێنی پێویست نەگیراوەتە بەر. دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو. بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەوەی لە سنورەکان ڕوو دەدات لە هاوردەکردنی کاڵاو بەربوومی کشتوکاڵی کارەساتەو هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم لێی ئاگادارن، بەڵام بێدەنگن." بەرپرسەکەی حکومەت دەڵێت،"بەشێکی زۆر لەو بارانەی کە هەڵگری بەروبوومی کشتوکاڵین نەک پشکنینیان بۆ ناکرێت، بەڵکو بە قاچاخ و لەلایەن بەرپرسانەوە دەهێنرێن. بۆ نموونە لە ئێستادا هەر بارێکی پەتاتە کە بە قاچاخ هاوردەی هەرێم دەکرێت 4600 دۆلار لە خاوەن بارەکە وەردەگیرێت." بوونی رێژەی ستانداردی نایترەیت لە بەروبوومی کشتوکاڵی بە حاڵەتێکی ئاسایی دادەنرێت و رێژەکەش بە پێی جۆری بەوربوومەکان دەگۆڕێت، شوتی 60 پی ئێم، خەیار 60 پی ئێم و فاسلۆی تەڕیش تا 30 پی ئێم نایترەیت تێیاندا بە حاڵەتێکی نۆرماڵ دادەنرێت. لەشکر حەمید دەڵێت،"بەشی زۆری بەروبوومە کشتوکاڵییەکان رێژەی زیاد لە ستاندارد نایترەیتیان تێدایە، تەنانەت ئەو بەروبوومانەش لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێن و بە پاشەڕۆ و ئاوی پیس ئاو دەدرێن، کانزا قورسەکانیان تێکەڵ دەبێت و زیانیان بۆ تەندروستی هەیە." جەختکردنەوەی پسپۆڕانی بواری خۆراک لە خراپی کواڵێتی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لەکاتێکدایە، پسپۆڕانی بواری شێرپەنجە ئاماژە بە هەڵکشانی ئاماری توشبووان بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان دەکەن. دکتۆر ئەیاد محەمەد عەلی، پسپۆڕی بواری بۆماوەزانی گەردیلەیی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بوونی رێژەی زۆر نایترۆس ئەمین لە پێکهاتەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان هۆکارێکە بۆ توشبوون بە شێرپەنجە."