کاربەدەستان ڕایدەگەیەنن، دوای تەقەکردن لە قوتابخانەیەکی تایبەتی کرستیان لە ویلایەتی وسکانسن، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسی دیکەش برینداربوون، لەنێویاندا منداڵێکێش کە هۆکاری هێرشەکە بووە. شان بارنز، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری مادیسن، لە ڕۆژنامەواناندا دەدوا کاتێک گوتی ژمارەی کوژراوەکان لە سێ کەسەوە بۆ پێنج کەس زیادی کردووە. ئەو هیچ وردەکارییەکی لەبارەی قوربانییەکان نەخستەڕوو بەڵام دەڵێت کەسانی دیکە لە تەقەکردنەکەی قوتابخانەی کرستیانی ئەبەندند لایف بریندار بوون. بارنز گوتیشی ئەو تیمی پۆلیسەی کە دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەکە تەقەیان نەکردووە. پۆلیس پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ڕێگاکانی دەرەوەی قوتابخانەکەیان داخستبوو. کارمەندانی نووسینگەی فیدراڵی کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی کحول، تووتن، دەمانچە و تەقەمەنی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ هاوکاریکردنی هێزە خۆجێهییەکانی چەسپاندنی یاسا. تۆنی ئێڤەرز، فەرمانڕەوای ویلایەتی ویسکانسن لە بەیاننامەیەکدا گوتی "ئێمە نزا بۆ منداڵان و پەروەردەکاران و تەواوی کۆمەڵگەی قوتابخانەی کرستیانی ئەبەندند لایف دەکەین، لەکاتێکدا چاوەڕوانی زانیاری زیاترین و سوپاسگوزاری تیمەکانی فریاکەوتنی خێرادەکەین." قوتابخانەی کرستیانی ئەبەندند لایف 390 خوێندکاری هەیە، لە باخچەی ساوایانەوە بگرە تا دەگاتە ئامادەیی. سەرچاوە: ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس