ئەمەریکا سزا بەسەر تۆڕێکی پارە سپیکردنەوەی کۆریای باکوردا دەسەپێنێت

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-17 19:30:25 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژی سێشەممە ئەمەریکا سزای بەسەر دوو کەس و لایەنێکدا سەپاند کە لە ئیماڕاتن، تۆمەتباری کردن بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تۆڕێکدا کە ملیۆنان دۆلار سپی دەکاتەوە، پارەکە لەلایەن کارمەندانی ئای تی و تاوانی ئەلیکترۆنییەوە پەیدا دەکرێت و بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتەکەی کۆریای باکوور بەکاردەهێندرێت. وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی ڕۆژی سێشەممە سزا بەسەر دوو کەسدا سەپێندراوە کە لە ڕێی کۆمپانیایەکەوە کارییان کردووە کە لە ئیماڕاتە و کارئاسانییان کردووە بۆ سپیکردنەوەی پارە و خزمەتگوزارییەکانی گۆڕینی دراوی کریپتۆ و داهاتەکەشی گەڕێندراوەتەوە بۆ پیۆنگیانگ. خەزێنەی ئەمەریکا وتی کارەکانی ئەمڕۆ لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا هەوڵ دەدات ئەو داهاتە ببڕێت کە بەکاردەهێندرێت بۆ بەرنامەکانی چەکی کۆمەڵکوژی کۆریای باکوور و بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکەی. برادلی سمیثی جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگری دارایی وتی " لە کاتێکدا کە کۆریای باکوور بەردەوامە لە بەکارهێنانی نەخشەی ئاڵۆزی تاوانکارییەوە بۆ دابینکردنی خەرجی بۆ بەرنامەکانی چەکی کۆمەڵکوژ و موشەکە باڵیستیکییەکانی، لە ڕێی سوودوەرگرتنیشەوە لە دراوە دیجیتاڵییەکان، خەزێنە بەردەوام دەبێت لە سەنگ خستنەسەر تێکدانی ئەو تۆڕانەی کە کارئاسانی دەکەن لە گەیاندنی ئەم پارەیەدا بۆ ڕژێمەکە." سزاکان دوو هاووڵاتی چینی بە ناوەکانی لو هواینگ و ژانگ جیانیان کردووەتە ئامانج کە لە ئیماڕات دادەنیشن، هەروەها کۆمپانیای گرین ئەڵپاین ترەیدینگیش کراوەتە ئامانج. سزاکان سەرمایەی ئەو کەس و لایەنانە لە ئەمەریکا سڕ دەکەن و بە گشتی قەدەغەی دەکەن لەسەر ئەمەریکاییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن. ئەوانەی کە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن سزا دەدرێن. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز