وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل وەڵامی ڕاگەیاندنێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیای دایەوە سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی سنووری سوریا لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە. تورکیا دەڵێت ئەو کارەی ئیسرائیل بە توندی سەرکۆنە دەکات و ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا دەڵێت دوایین وڵات بۆی هەبێت قسە لەسەر داگیرکاری لە سوریا بکات تورکیایە. وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەشڵێت، "تورکیا بە بەرنامە دەستدرێژی کردووەتە سەر خاکی سوریا، وە ئەو پرۆسەیە لە 2016، 2018، 2019 دەستپێکردووە و هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە. ناوچەی دروستکردووە بۆ گروپە چەکدارەکانی لە بری ئەو کاردەکەن، وەکو لەشکری نیشتمانی سوریا کە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدایە. لە ئێستادا نزیکەی %15 ی خاکی سوریا لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو هێزانەن کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات. لەو ناوچانە کار بە لیرەی تورکی دەکرێت و بانک و پۆستی تورکی کاردەکەن. جگە لەوانە، لەشکری تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن ژێرخانی ناوچەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردومان دەکات. تورکیا پشتیوانی لەو هێزە جیهادیانە دەکات کە لە سوریا لە دژی کورد کاردەکەن. دوایین وڵات بۆی هەبێت قسە لەسەر داگیرکاری لە سوریا بکات ئەوە تورکیایە، کە 15% ی خاکی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی گروپەکانی لە بری ئەو کاردەکەن و لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدان. هیچ پاساوێک نییە بۆ بەردەوامبوونی دەستدرێژی و توندوتیژی لە لایەن تورکیاوە لە دژی کوردەکانی سوریا!" پێشتر وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕۆژی دووشەممە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت،"بە توندی بڕیاری ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی نیشتەجێیەکان لە بەرزاییەکانی گۆلانی داگیرکراو لەوەتای 1967 وە سەرکۆنە دەکەین." دەشڵێت ئەم کارە بەردەوامانەی ئیسرائیل بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار گرژییەکان لە ناوچەکە زیاتر دەکەن و ئەو هەوڵانە بنکۆڵ دەکەن کە دەدرێن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە سوریادا.