بەرپرسێکی دەزگای کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت پێشبینی دەکرێت لە ماوەی یەکەمین شەش مانگی ساڵی 2025 دا نزیکەی 1 ملیۆن پەنابەری سوریایی بگەڕێنەوە بۆ سوریا، داوای لە وڵاتانیش کرد خۆیان بە دووربگرن لە بە زۆر ڕەوانەکردنەوەیان. بەڕێوبەری دەزگای کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکا ڕەما جاموس ئیمسیس وتی " ئێستا پێشبینی دەکەین یەک ملیۆن سوریایی لە نێوان مانگی یەک و شەشی ساڵی داهاتوودا بگەڕێنەوە بۆ سوریا، ئەم پلانەمان لەگەڵ بەخشەراندا هاوبەش کردووە و داوای هاوکاری ئەوانمان کردووە." وتی " پێویستییەکی مرۆیی گەورەمان هەیە بە قەبارەیەک کە بە هیچ شێوەیەک کەم نەبووەتەوە." وتیشی لە دوای ئەوەی پێشڕەوییەکانی یاخیبووەکان دەستیپێکرد نزیکەی 1 ملیۆن کەس لە ناوخۆی سوریادا ئاوارەبوون. ئیمیسیس وتی دوای ئەوەی یاخیبووەکان کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتییان کرد، هەزاران کەس لە سوریا هەڵاتن، هاوکات هەزاران کەسیش گەڕانەوە بۆ سوریا کە زۆربەیان لە تورکیا و ئوردن و لوبنانەوە گەڕانەوە. وتیشی ئەوانەی کە هەڵاتوون ڕەنگە پەیوەندییان بە حکومەتەکەی پێشووەوە هەبووبێت یان سەر بە کەمینە ئایینییەکان بن و لە دەسەڵاتە نوێیەکە ترسابێتن. وتیشی وڵاتان دەبێت ئارام بگرن لە کاتێکدا کە سوریاییەکان بیر لە گەڕانەوە دەکەنەوە. وتی " گرنگە بەردەوام بن لە پاراستنی ئەو سوریاییانەی کە پەناگەیەکییان لە وڵاتانی میواندار دۆزیوەتەوە، هەروەها بە زۆریش ڕەوانەی سوریا نەکرێنەوە." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز