سەرۆکی پێشووی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەڵێت نابێت حکومەتی کاتیی هیچ لایەنێک پشتگوێ بخات

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-18 17:20:25 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

هادی ئەلبەحرە، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانی نیشتمانیی سوریا کە نەیارانی بەشار ئەسەدی لە شەڕی ناوخۆدا یەکخستبوو، ڕایگەیاند، حکومەتی کاتی سوریا دەبێت باوەڕپێکراو بێت نەک پەراوێزخراو یان لەسەر بنەمای هێڵی ئاینزایی بێت. هاوکاتی نائارامییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گرووپە سەرهەڵداوەکانی سوریا لە هەشتی مانگی 12دا دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت. بەمەش دوای زیاتر لە 13 ساڵ لە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە، بەشار ئەسەد ناچار بوو لە دەستبەرداری دەسەڵاتبێت و وڵاتەکە بەجێبهێڵێت و کۆتاییهات بە دەسەڵاتی دەیان ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا. هێرشەکانی ئەم دواییەی هەیئەت تەحریر ئەلشام ئەو پرسیارەی هێنایە ئاراوە ئایا یاخیبووان دەتوانن گواستنەوەیەکی ڕێک و پێکی دەسەلات مسۆگەر بکەن یان نا. ئەلبەحرە ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند، تا ئێستا نوێنەرانی هاوپەیمانی نیشتمانیی سوریا لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی یاخیبووانی سوریا کۆنەبوونەتەوە، بەڵام پەیوەندی لەگەڵ ئەو و حکومەتی کاتی و لایەنە نزیکەکانی دروستکراوە. هێزەکانی ژێر فەرماندەیی ئەلشەرع، ناسراو بە ئەبو محەممەد جۆلانی، حکومەتێکی کاتییان بۆ ماوەی سێ مانگ ڕاگەیاند و لە شوێنی حوکمڕانی بنەماڵەی ئەسەد، یەکێک لە سەرکردە یاخیبووەکانی ئیدلب سەرۆکی حکومەتە. ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆکی ڕێکخراوی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام (HTS)ە، کە لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناودەبرێت. محەمەد بەشیر، سەرۆک وەزیرانی تازە دەستبەکاربووە کە پێشتر سەرۆکایەتی حکومەتێکی سەر بە HTS لە ئیدلب دەکرد. ئەلبەحرە، سەرۆکی پێشووی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕایشیگەیاند، هاوپەیمانی نیشتمانی سوریا دەگەڕێتەوە بۆ سوریا و بنکەی خۆی لەوێ دادەمەزرێنێت، ئاماژەی بەوەشکرد، بەنیازی گەڕانەوەیشە. هەروەها دەڵێت "دەبێت کار بەشێوەیەکی دروست ڕێکبخرێت و ئازادی بیرکردنەوە دەستەبەر بکرێت". سەرچاوە: ڕۆیتەرز