سیناتۆر کریس ڤان هۆڵن، دیموکرات و لینزی گراهام. کۆماریی، هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا دەکەن، ئەگەر پێشنیاری مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵڕاو لە چەک پەسەند نەکات. هەردوو سیناتۆرەکە لە پێگەی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسیویانە، ئەم هەفتەیە پرۆژە یاسایەک بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا ئامادە دەکەن ئەگەر ئەنکەرە پێشنیازی ئاگربەستی ئەمەریکا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕانەگەیەنێت و پێشنیازی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵڕاو لە چەک قبوڵ نەکات. سیناتۆر کرس ڤان هۆڵن نوێنەری ویلایەتی مەریلاند لە سیناتی ئەمەریکا لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت" هێرشەکانی هێزەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر هاوبەشە کوردەکانمان لە سوریا ئاسایشی ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ ڕێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لاواز دەکات. ڤان هۆڵن دەشنوسێت" پێویستە تورکیا ئاگربەست قبوڵ بکات و ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک دابمەزرێنێ، ئەگەرنا یاسای سزاکان جێبەجێ دەکەین کە پشتگیری هەردوو حزبی کۆماری و دیموکراتی هەیە." ڕاگەیاندنەکەی ئەو سیناتۆرە ئەمەریکاییانە پاش ئەوە بوو کە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ( هەسەدە) ڕایگەیاند "ئامادەیی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ پێشکەشکردنی پێشنیارێک بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی "داماڵراو لە چەک" لە شاری کۆبانی." عەبدی دەشڵێت" پابەندبوونمان بە گەیشتن بە ئاگربەستێکی گشتگیر لە سەرانسەری سوریا دووپات دەکەینەوە و ئامادەیی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ پێشکەشکردنی پێشنیارێک بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک لە شاری کۆبانێ، دووبارە دابەش کردنەوەی هێزە ئاسایشییەکان لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی هێزەکانی ئەمەریکا." ئامانج لەم دەستپێشخەرییە چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی ئاسایشی تورکیا و دەستەبەرکردنی سەقامگیری هەمیشەیی ناوچەکەیە." ئەمەریکا لە ئێستادا 900 سەربازی لە سوریا هەیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی جیهانی دژ بە داعش، کە بەشێکی سەرەکی ئەو هاوپەیمانییە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە ڕێبەرایەتی کوردە.