ڕووداوەکانی سوریا کار دەکاتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-18 23:40:25 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

لە ساڵی 2011 دوای سەرهەڵدانەکانی وڵاتانی عەرەبی کە پاشتر بە بەهاری عەرەب ناسرا،  ڕۆڵی ئێران لە سوریا زیاتر بەرچاو کەوت و ئەم ڕۆڵە تا 2024یش بەردەوام بوو.   شارەزایان دەڵێن، کاتێک هێرشەکانی هەیئەت تەحریر ئەلشام  دەستیپێکرد و لە هەشتی مانگی دوازدەدا دیمەشقی گرت و ڕژێمی بەشار ئەسەدی ڕووخاند، ڕۆڵی ئێران لە سوریا کۆتایی هات. ئایەتوڵڵا خامنەئی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوەیدا بەرامبەر بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا گوتی"حکومەتێکی دراوسێی سوریا ڕۆڵێکی ڕوونی هەبوو لەو ڕووداوانەی کە لە سوریا ڕوویاندا. بەڵام دەسەڵاتی ناوەندی ئەم پیلانگێڕییە ئەمەریکا و ئیسرائیلن. ئێمە بەڵگەمان هەیە کە هیچ گومانێک لەمەدا نییە." بە گوێرەی شارەزایان، ئێران تورکیا بە هۆکاری ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەزانێت. شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دکتۆر عەلی فوات گۆکچە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لەمەودوا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا وەک جاران گەرم نامێنێت. گوتیشی لە لێدوانەکەی ئێراندا " ڕوونە کە کاتێک ئاماژە بە دراوسێ کراوە مەبەست لێی تورکیایە. ڕوونە کە تورکیا لە ئێستادا هەم لە ڕووی لەشکری و هەم لە ڕووی سیاسیشەوە لە سوریا چالاکە. بەڵام پێدەچێت پڕۆسەی ئاستانە کۆتایی هاتبێت. پێشهاتەکان و لێدوانەکانی ئێستا ئەمە دەردەخەن. لەم پڕۆسەیەدا دەتوانرێت بڵێین وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا کاریگەرن." دوای ئەوەی گرووپی HTS دەسەڵاتی لە سوریا وەرگرت، زیاتر لە 20 وڵات پەیوەندییان لەگەڵ HTS کرد، لەوانە ئێران و ڕوسیا. گۆکچە هەروەها ئەمە لەبەرچاو دەگرێت و دەڵێ ئێران و ڕووسیا بەردەوام دەبن لە کاریگەریی خۆیان لەو مەیدانەدا. دەشڵێت " کاتێک دەڕوانینە جوگرافیای سوریا، دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە ئێران و ڕووسیا هەنگاو بنێن بۆ زیادکردنی هەژمونی خۆیان لە ناوچەکەدا. پێویستە تێبینی ئەوە بکرێت کە ئایا ئەو جوڵانە دژی تورکیا دەبن یان نا. چونکە ئێمە لە پرۆسەیەکدا دەخولێینەوە کە کاری هەواڵگری زۆر لە ناوچەکەدا هەیە. ئەگەر ئێران بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی هەڵسوکەوت بکات، ئەمە ڕەنگە لێکەوتەی نەرێنی بۆ تورکیا هەبێت. بەڵام من باوەڕم وایە کە بە تێپەڕبوونی کات زیاتر ڕوون دەبێتەوە." شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە دکتۆر مەزهەر باگلی لەبارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی تورکیا و ئێران بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی " تا ئێستا جێدەستی ئێران لە یەمەن، سعودیە، لوبنان، سوریا، عێراق و چەندین وڵاتی دیکە دیارە. دەستێوەردانی تورکیا لە سوریا بۆ شەڕی دژی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەگەڕێتەوە. تورکیا پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت و لە بەرامبەردا دەیەوێت ڕێگری لەو ڕێکخراوانە بکات کە لە مەیدانەکەدا چالاکی بکەن. بەڵام ئێمە دەزانین کە ئێران ئەو ڕێکخراوانە داڵدە دەدات و سیاسەتێکی دووڕووانە پەیڕەو دەکات." تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە بەشێکن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شکستپێهێنانی داعش بە بەشێک لە پەکەکە دەزانێت. باگلی گوتیشی " بێگومان ئێران بەرامبەر بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا کاردانەوەی هەیە، بەڵام تورکیا نایەوێت زیان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بگەیەنێت. لە ماوەی ڕابردوودا هەندێک گرژی لە نێوان تورکیا و ئێراندا هەبووە، بەڵام پەیوەندییەکانیان بەردەوامە".