دوو هەفتە زیاترە مامۆستایانی زۆرینەی قوتابخانە و خوێندنگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دووبارە بایکۆتی پرۆسەی خوێندنیان دەستپێکردووە بەهۆی وەرنەگرتنی موچەی سێ مانگی ئەمساڵ، ئەمە یەکەم جار نییە دواکەوتنی موچەی مامۆستایان ببێتە هۆی داخستنی قوتابخانە و خوێندنگەکان. لە دەسپێکی گرفتی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران لە ساڵی 2014وە بەردەوام لە وەرزەکانی خوێندن چەندین جار مامۆستایان بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندنیان کردووە لە سنوورەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین. دەپرسین: بۆچی بایکۆتکردنەکان تەنیا لەو سنوورانەیە لە کاتێکدا گرفتی وەرنەگرتنی موچە تەواوی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە؟ کێ هۆکاری نەدانی موچەی مامۆستایانە؟ ئایا ناکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق، پرسی موچەی کەرتی پەروەردە و دەزگا خزمەتگوزارییە گرنگەکان لە گرفتە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا جیابکەنەوە؟ لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری بەڕێزان: مامۆستا هەینی قادر خزر، بەڕێوەبەری گشتی سەرپەرشتی کردنی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. مامۆستا عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان. مامۆستا دڵشاد میرانی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی. مامۆستا هەینی: ئێمە هەوڵمان دا کە مامۆستایان زیاتر ئارام بگرن هەتا بەهۆی دواکەوتنی موچەوە ئەم جارەش دەرگای ناوەندەکانی خوێندن دانەخەنەوە، بەڵام دیارە مامۆستایانی ناڕازی بڕیاری خۆیان داوە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە بوو کە نەمانتوانی مامۆستایان قەناعەت پێبهێنین کە هۆڵەکانی خوێندن جێنەهێلن. تێدەگەین و دەزانین مامۆستایان و هەموو فەرمانبەران مافی خۆیانە لەکاتی خۆیدا موچەیان پێبدرێت، بەڵام بینیمان کە بایکۆتکردن چارەسەر نییە، خۆ ئەگەر بایکۆتکردنی پرۆسەی خوێندن چارەسەر بووایە ئەوا وەزارەتی پەروەردە پێشڕەوی و سەرکردایەتی مامۆستایانی دەکرد، بەڵام ئەزمونی پێشتر هەیە کە بایکۆتکردن جگە لە زیان بە خوێندکاران هیچ سوود و ئەنجامێکی نەبووە، بەڵام مامۆستایان هەر بەردەوامبوون پێیان وابووە کە وەزارەتی پەروەردە بەو بایکۆتە دێتە سەر خەت لە کاتێکدا ئەوە لە دەرەوەی ئیرادە و دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی هەرێمی کوردستانە. بەداخەوە لە کوردستان بووەتە جۆرێک لە مۆدێل و چاولێکەری کە ساڵانە لە کاتی دواکەوتنی موچە، مامۆستایان بایکۆتی پرۆسەی خوێندن دەکەن، ئێمە تێدەگەین گیرفانی بەتاڵ کاریگەری لەسەر ئەدای مامۆستایان دەبێت یان مامۆستا نەتوانێت هاتوچۆ بکەن، مامۆستایان دەتوانن لە نێوان خۆیاندا ڕێکبکەون ئەوەی شوێنی دورە کەمتر بەشە وانەی بدرێتێت. ڕاستە گرفتی موچە لە زاخۆوە هەتا خانەقینە، واتە مامۆستایان لە سەرتاسەری کوردستان بێ موچەن، بەڵام کە لە هەولێر مامۆستایان بایکۆت ناکەن هۆکارەکەی ئەوەیە مامۆستایان ئەو قەناعەتەیان لادروستبووە کە ئەو جۆرە خۆپیشاندان و بایکۆتکردنە کاریگەری بەو شێوەیەی نییە، ساڵانی تر مامۆستایانی دەڤەری زەرد پێشڕەوی خۆپیشاندانەکانیان دەکرد، بەڵام ئەنجامەکەی جگە لە پەککەوتنی پرۆسەی خوێندن هیچی تر نەبوو، بۆیە زۆر خۆیان لێیان نەدا و قوتابخانەیان جێنەهێشت. هەتا ئەو بارگاوییە سیاسی و حزبییە لە کوردستان هەبێت حاڵی پەروەردە لەوە باشتر نابێت. ئێمە میللەتەی بەدبەختین، بەردەوام داوای دوورخستنەوەی دەستی حزب لە دامودەزگاکانی دەوڵەت دەکەین کاتێک لەلایەک دەستی حزب لادەدەین لە دوولای تر دێتەوە ناو، چونکە پێیان وایە ناوەندەکانی خوێندن باشترین ڕێگایە بۆ هەژموونی سیاسی و جێبەجێکردنی مەرامی سیاسی خۆیان، پێیان وایە لە ڕێگای فشارکردن لە مامۆستایان و موچەخۆران حکومەتی هەرێم بە چۆکدا بهێنن پێموایە ئەوە کارێکی هەڵەیە ناکرێت هیچ حزبێکی سیاسی موچەخۆر وەک فشار لە بەرامبەر حزبەکەی تر بەکاربهێنێت. قەرەبووکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن ئاسان نییە و زۆر قورسە، ئێمە وەک ئەنجومەنی وەزارەت کە ساڵانە پلانی خوێندن دادەنێین بەداخەوە بەهۆی ئەو گرفتانەی دێنە پێش بە تایبەت لە دەڤەری سەوز تەواوی کارنامە و پلانی ساڵانەی وەزارەتی تێکدا. مامۆستا عەتا ئەحمەد: پێش هەموو شتێک دەمەوێت بڵێم، کە بایکۆتی مامۆستایان دەستی هیچ حزب و گروپێکی لە پشت نییە، بەڵکو تەنها هۆشیاری خودی مامۆستایانە لە بەرامبەر ستەم و پێنەدانی موچە کە مافی خۆیانە، ئەوە چەند هەفتەیە پارە لە بەغدادەوە هاتووە، کەچی حکومەتی هەرێم دەستی بەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا گرتووە، وەک کارتی فشار لە بەرامبەر بەغداد بەکاریدەهێنێت، هیچ باکیشی بە وەستاندنی پرۆسەی خوێندن نییە، ئێمەش دەزانین بایکۆت بژاردەکی نەخوازراوە و زیانی بۆ قوتابیان هەیە، بەڵام مامۆستا چی بکات کە مافی خۆی پێنەدرێت و ئەو لە زیاندا بێت! ئێمە وەک یەکێتی مامۆستایان کە ڕێکخراوێکی فەرمین و مۆڵەتپێدراوین لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەڵام چەندین جار بە ئەم جارەشەوە بۆ ئەوەی مامۆستایان بایکۆت نەکەن بە یاداشت داواکاری مامۆستایانمان داوە بە حکومەت بەڵام بە یەک وشە وەڵامیان نەداوینەتەوە! تەنانەت خودی وەزارەتی پەروەردە و حکومەت نوێنەرێکی نەناردووە گوێ لە مامۆستایان بگرێت. بە مامۆستایانی هەولێر و دهۆک وتراوە بەس بایکۆت مەکەن ، بەدڵی خۆتان دەوام بکەن، هەفتەی ڕۆژێک، یان دوو ڕۆژ وانە بڵێنەوە،ت ەنها با ناوەندەکانی خوێندن دەرگاکانیان کراوە بێت. مامۆستا دڵشاد میرانی: ئەگەر لایەنێکی سیاسی هەبێت لە پشت بایکۆتی مامۆستایان بۆ ئەوەی نەچنەوە ناو ناوەندەکانی خوێندن، تەنها حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە دەستی گرتووە بەسەر موچەی سێ مانگی فەرمانبەراندا، بایکۆت بابەتێکی ناچارییە هەرگیز هیچ کەس پێی وانەبێت حەز بەوە بکەین، ئێمە پێشتر هەوڵمانداوە مامۆستایانی هەولێر و دهۆکیش هاوڕابن لەگەڵمان بایکۆت بکەن، بەداخەوە بینیومانە لە ڕابردوو هەرچی هەوڵی خۆپیشاندان و بایکۆتی دابێت یان دەستگیرکراوە و حوکمدراوە یان ڕیشی سوتێنراوە یاخود کوژراوە، یان شار بەدەرکراوە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک تەنها کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن، کواڵتی خوێندن و ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی کۆتایی ساڵ پیشانی دەدا کە نمرە بەرزەکان و ڕێژەی دەرچوون لە سنووری بایکۆت زیاترە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم سیستمی تەناوبی بۆ مامۆستایان داناوە تەنها لەبەر ئەوەی بایکۆت نەکەن هەفتەی دوو ڕۆژ مامۆستا دەوام دەکات لەو دوو ڕۆژەش فریا ناکەوێت وانەکە بڵێتەوە. ئێمە پەیوەندی بەردەواممان هەیە لەگەڵ مامۆستایانی سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بەدڵنیایی مامۆستایانی دهۆک و هەولێر لە ئێمە ڕق ئەستورترن بەرامبەر خواردنی موچە و مافیان، بەڵام لەژێڕ هەڕەشەی مەترسیدارن، ئێمە بە نوێنەرایەتی ئەوان لە شەقامین و بە تەنها داوای ماف و موچەی خۆمان ناکەین، کوردستان لای ئێمە یەک پارچەیە.