سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت ئێستا کاتی لە ناوبردنی " گروپە تیرۆریستییەکانە " کە مەترسین بۆ سەر مانەوەی سوریا. ئەردۆغان دوای گەڕانەوەی لە کۆبوونەوەکەی قاهیرە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " داعش، پارتی کرێکارانی کوردستان و شوێنکەوتووانی، کە مەترسین بۆ سەر مانەوەی سوریا، دەبێت لە ناوببرێن." وتی " ئێستا کاتی لە ناوبردنی گروپە تیرۆریستییەکانە لە سوریادا." تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە ڕێکخراوێکی " تیرۆریستی " سەیر دەکات کە یەپەگە سەرکردایەتی دەکات و دەڵێت بەشێکن لە پارتی کرێکارانی کوردستان کە دەیان ساڵە لەگەڵ تورکیادا لە ململانێدان. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک هاوپەیمانی ئەمەریکان و شان بە شانی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە لە ناوبردنی خەلافەتی داعشدا لە سوریادا. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە ساڵی 2019 دا بە پشتیوانی ئەمەریکا سەرکردایەتی شەڕەکەی کرد دژی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش لە سوریادا، ئەمەریکا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە هێزێکی " گرنگ " دادەنێت بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکەدا. ئەردۆغان وتی حکومەتەکەی " ڕێوشوێنی ڕێگریکردن " دەگرێتەبەر دژی ئەو گروپانەی کە مەترسین لەسەر تورکیا. وتی " ئەوە مەحاڵە بۆ ئێمە ئەو جۆرە مەترسییە قبووڵ بکەین." هیواشی خواست سەرکردایەتییە نوێیەکەی سوریا کارییان لەگەڵدا نەکات. وتی " پێمان وانیە هیچ دەسەڵاتێک لە ماوەی دواتردا بەردەوام بێت لە کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا." قسەکانی ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە هەم کاربەدەستانی ئیسرائیل و هەم لە ئەمەریکاش چەندین ئەندامی کۆنگرێس بە کۆماری و دیموکراتەکانەوە هۆشدارییان داوە بە تورکیا کە هێرش نەکاتە سەر کورد. ڕۆژی چوارشەممە جۆن کەنەدی، سیناتۆری کۆماری ویلایەتی لویسیانا، لە دانیشتنێکی کۆنگرێسدا ڕایگەیاند نیگەرانە لە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاڤا. سیناتۆرەکە گوتی ئەمەریکا زانیاری هەواڵگری هەیە کە حکومەتی ئەردۆغان هێز و چەکێکی زۆری لەسەر سنوری نێوان تورکیا و سوریا کۆکردووەتەوە و بە ئەردۆغان دەڵێت، "واز لە کورد بێنە." هەر لە ڕۆژی چوارشەممە سیناتۆر کریس ڤان هۆڵن، دیموکرات و لینزی گراهام. کۆماریی، هەڕەشەی سەپاندنی سزایان بەسەر تورکیادا کرد، ئەگەر پێشنیاری مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵڕاو لە چەک پەسەند نەکات. هەردوو سیناتۆرەکە لە پێگەی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس،ڕایانگەیاند، ئەم هەفتەیە پرۆژە یاسایەک بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا ئامادە دەکەن ئەگەر ئەنکەرە پێشنیازی ئاگربەستی ئەمەریکا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕانەگەیەنێت و پێشنیازی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵڕاو لە چەک قبوڵ نەکات. بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە فرانس پرێس وەرگیراوە.